دووبەردانی: داعش ناوچەیەکی بەرفراوانی لە مووسڵ کۆنتڕۆڵ کردووە

مووسڵ- KDP.info- لەگەڵ دەستپێکردنی جووڵەی چەکدارانی داعش لە عێراق داعشەکانی مووسڵیش دەستیان بە جووڵە کردووە و نوێنەرێکی پارێزگای نەینەواش ئاشکرای کرد، باشوور و ڕۆژئاوای مووسڵ لەژێر دەستی داعشدایە و داگیر کراوە.
شیروان دووبەردانی، نوێنەری پارێزگای نەینەوا لە پەرلەمانی عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "داعش لە سنووری نەینەواش مەترسیی بۆ سەر ناوچەکە پەیدا کردووە و ڕەوشی ئەمنیی ناو شاری مووسڵ باشترە، بەڵام دەوروبەری مووسڵ و ناوچە سنوورییەکانی ئەو پارێزگایە لەژێر مەترسیی گەورەدایە، چونکە لەناو سەنتەری شار تا ڕادەیەک ھێزە ئەمنییەکان دەتوانن چەکداران و ئەندامانی داعش دەستگیر بکەن و چاودێرییان بکەن."
نوێنەرەکەی نەینەوا لە پەرلەمانی عێراق گوتیشی: "لە ناوچەکانی دەوروبەری مووسڵ ڕەوش زۆر خراپە، چونکە ناوچەی بیابانی بەرفراوانن و ھێزە عێراقییەکان توانای کۆنتڕۆڵکردنی ئەو شوێنانەیان نییە، بەتایبەتی لە ڕۆژئاوا و باشووری مووسڵ داعش ناوچەیەکی بەرفراوانی دابڕیوە و تا دەگاتە تکریت ھەمووی لەژێر دەسەڵاتی گرووپی تیرۆریستیی داعشدایە."
دووبەردانی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "ساترێک ھەیە تا ئەو ساترە ھێزە عێراقییەکان ھەن، بەڵام پشت ساترەکە لەژێر کۆنتڕۆڵی چەکدارانی داعشدایە و داعش خۆی لەو ناوچە بیابانە حەشار داوە و جووڵەیەکی زۆری ھەیە، ئەمەیش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە ھێزە عێراقییەکان ناتوانن بەرەنگاری داعش ببنەوە و لەو سنوورە وەدەری بنێن."
قائید میرۆ




