٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

حكوومەتی عێراق داوا له‌ پەرلەمان ده‌كات دەسەڵات بدرێتە وەزیری دارایی

سەرچاوە: KDP.info

بەغدا-KDP.info- بڕیارە لە رۆژانی داھاتوودا پەرلەمانی عێراق لەبارەی پڕۆژەیاسای قەرزەوە كۆببێتەوە، پەرلەمانتارێكی كوردیش دەڵێ، ئەگەر لەلایەن عێراقەوە قەرز بكرێت، پشكی ھەرێمی كوردستانی تێدایە.

د. محەمەد شاكر، ئەندامی فڕاكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "لەلایەن حكوومەتی عێراقەوە پڕۆژەیاسایەك رەوانەی پەرلەمانی عێراق كراوە و تێیدا داوای كردووە دەسەڵات بدرێتە وەزیری دارایی بۆ ئەوەی بتوانێت قەرزی نێودەوڵەوتی و ناوخۆ بكات بۆ خەرجكردنی مووچەی فەرمانبەران، چونكە بە گوتەی وەزیری دارایی عێراق، بە بێ قەرز ناتوانن مووچەی ئەم مانگە دابەش بكەن".

پەرلەمانتارەكەی پارتی دەشڵێت: "بۆچوونی ئێمە وا بوو لەنێو پڕۆژەیاسای بودجە بڕگەیەك بۆ قەرزكردنی پارە تەرخان بكرێت، چونكە ئەگەر پڕۆژەیاسای وەرگرتنی قەرز پەسەند بكرێت، ئەوا بە دووری دەبینین پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق رەوانەی پەرلەمان بكرێت".

د. محەمەد شاكر ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد: "بەپێی ماددەی ١٠٦ی دەستووری عێراق، ھەر قەرزێك بكرێت لەلایەن حكوومەتی فیدڕاڵەوە، پشكی ھەرێمی كوردستانی تێدایە، چونكە قەرز بۆ مووچە و خزمەتگوزاری دەكرێت، ئێمە پێمان وایە قەرزكردن لەلایەن عێراقەوە لە بەرژەوەندیی ھەرێمی كوردستاندایە".

 

قائید میرۆ

 

هەواڵی پەیوەندیدار