عسمەت ڕەجەب: بە پیلان مووسڵ ڕادەستی داعش کرا

مووسڵ- KDP.info- شەش ساڵ بەسەر داگیرکردنی مووسڵ لەلایەن گرووپی تیرۆریستیی داعش تێ دەپەڕێت و بەرپرسێکی پارتیش پێی وایە، مووسڵ بە پیلان ڕادەستی داعش کرا و دەشڵێ، پێشمەرگە نەبووایە ھێزە عێراقییەکان نەیاندەتوانی داعش لە مووسڵ دەر بکەن.
عسمەت ڕەجەب، بەرپرسی لقی پێشووی پارتی لە مووسڵ، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "بەرلەوەی داعش ھێرشی سەر مووسڵ بکات لە ناوچەکە ھەبوو، بەتایبەتی لە نێوان سنووری عێراق و سووریا جووڵەی داعش بەدی دەکرا، چەند ڕۆژێک پێش دەستپێکردنی ھێرشی داعش بۆ سەر مووسڵ خۆم بەرپرسی لقی چواردە بووم، پەیوەندیم بە فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی نەینەوا کرد و لە مەترسیی داعشم ئاگادار کردەوە، لەگەڵ ئەوەشدا پەیامم گەیاندە ئۆپەراسیۆنی نەینەوا ئەگەر ناتوانن بەرگری بکەن، ئەوە ئامادەینە ھێزی پێشمەرگە بێنین بۆ پاراستنی مووسڵ، بەڵام دیارە ڕازی نەبوون بەو داوایەی ئێمە."
ڕەجەب دەڵێـت: "سێ شەو پێش گرتنی مووسڵ دوو گەڕەکی مووسڵ کەوتنە دەست چەکدارانی داعش، ژمارەی چەکدارانی داعش ئەوکات کە ھێرشیان کردە سەر مووسڵ ٢٠٠ بۆ ٢٥٠ چەکدارێک دەبوون، دیسان پەیوەندیم بە فەرماندەی ئۆپەراسیۆنی مووسڵەوە کرد، ھیچ ئەنجامێکی نەبوو، دواتر لە نیوەشەوێکدا ھەموو ھێزە سەربازی و ئەمنییەکانی عێراق مووسڵیان ڕادەستی داعش کرد و ھەموو چەکی قورس و مامناوەندیی سوپای عێراقیش بۆ داعش بەجێ ما، لەوەدا پێم وابێت پیلانێک ھەبوو کە مووسڵ بەو شێوەیە ڕادەستی داعش بکرێت."
بەرپرسەکەی پارتی لە مووسڵ گوتی: "ھێزی پێشمەرگە ڕۆڵێکی بەرچاوی ھەبوو لە گرتنەوەی مووسڵ، ئەگەر ھاوکاری و ھەماھەنگیی ھەرێمی کوردستان و پێشمەرگە نەبووایە بێگومان گرتنەوەی مووسڵ بۆ حکوومەتی عێراق شتێکی مەحاڵ بوو، ئێستاش پێویستە ھێزی پێشمەرگە بگەڕێتەوە بۆ دەوربەری مووسڵ، چونکە ھەر پێشمەرگەیە دەتوانێت بەرگری لە خەڵکی ناوچەکە بکات و بەرەنگاری داعش ببێتەوە."
پەیوەست بە ڕەوشی کورد و بەشداریی کورد لە ئیدارەی مووسڵ، عسمەت ڕەجەب ڕوونی کردەوە: "کورد بەشدارە لە بەڕێوەبردنی مووسڵ، بەڵام لە دوای ٢٠٠٣ـوە ئەو عەقڵیەتەی عێراق بەڕێوە دەبات سەرکەوتوو نەبووە، لە بەغدا و مووسڵیش کورد بەشدارە، بەڵام ھەڵە لە ئیدارەدانی مووسڵدا ھەیە، لەلایەن عێراقەوە نەک کورد."
قائید می




