پەیامی پیرۆزبایی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان بەبۆنەی (58)ەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتی مامۆستایانى کوردستان

بەڕێزان/ سکرتێر و ئەندامانی مەکتەبی سکرتاریەتی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان...
بەبۆنەی (58)ەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیە تێکۆشەرەکەتان، یەکێتی مامۆستایانی کوردستان، گەرمترین پیرۆزبایی لە ئێوە و سەرجەم مامۆستایانی کوردستان دەکەین، ئومێدەوارین وەکو ھەمیشە دڵسۆزانە و بەرپرسانە بۆ پشتیوانیکردنی دۆزی رەوای گەلەکەمان و، خزمەتکردنی توێژی کاریگەری مامۆستایان و بەدیھێنانی خواستەکانیان بەردەوام بن.
یەکێتی مامۆستایانی کوردستان ھەر لە سەرەتای دامەزراندنیەوە بە گیانێکی پیشەییانە لە خەبات و قوربانیدان وچانی نەداوە و لەم رێگا پیرۆزەشدا توانیویەتی چەندین دەستکەوتی زۆر گرنگ بۆ توێژی مامۆستایان بەدیبێنێ، کە مایەی رێز و شانازییە بۆ گەلەکەمان بەگشتی و توێژی مامۆستایان بەتایبەتی.
یەکێتی مامۆستایانی کوردستان، شانبەشانی بزوتنەوەی رزگاریخوازی گەلەکەمان لە قۆناغە جیاجیاکانی خەباتدا بەشداری لە رەوتی سیاسی و چەکداری گەلەکەمان کردووە، لەو پێناوەشدا وەک رێکخراوێکی پیشەیی رۆڵی دیار و بەرچاوی خۆی ھەبووە لە پێگەیاندنی رۆڵەکانی گەلەکەمان و برەودان بە ھەستی نیشتمانپەوروەری و، ھەوڵی زۆریشی داوە لەپێناو سەرکەوتن و بەدیھێنانی ئامانجە پیشەییەکانی لە رووی پەروەردە و فێرکردن لە چوارچێوەی مافە سیاسی و فەرھەنگی و کوولتورییەکان دا.
کاتێک ئێمە ئەو یادە بەرز و پیرۆزە رادەگرین، پشتیوانی خۆمان بۆ یەکێتیەکەتان دووپات دەکەینەوە، ھیوادارین بەھەمان رۆحیەتی کوردپەروەری و نیشتیمانپەروەرییەوە زیاتر برەو بە کار و چالاکیەکانتان بدەن و داکۆکی لە مافە پیشەییەکانتان بکەن و دەستکەوتی زیاتر بۆ سەرجەم مامۆستایانی کوردستان بەبێ جیاوازی بەدیبێنن و پارێزگاری لەو ئەزموونە و دەستکەوتەکانمان بکەن.
جارێکی دیکە پیرۆزباییتان لێدەکەین و، سڵاو و رێز و وەفاداریی بۆ دامەزرێنەران و تێکۆشەرانی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان...
مەکتەبی سیاسی
پارتی دیموکراتی کوردستان
١٥ـی٥ـی٢٠٢٠




