٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

"عێراق بەرگەی ھیچ سزایەکی ئابووری ناگرێت"

سەرچاوە: KDP.info


هەولێر-KDP.info -دوای دەرکردنی بڕیاری ھێزەکانی ئەمەریکا لە پەرلەمانی عێراق، مەترسی ھەیە لە بەرانبەردا ئەمەریکا سزای ئابووری بەسەر عێراقدا بسەپێنێت و پسپۆڕێکی ئابووریش ھۆشداری دەدات لە دەرەنجامی سزاکانی ئەمەریکا بۆ سەر عێراق.

دکتۆر عەبدولڕەحمان زرار، پسپۆڕی ئابووری بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ڕەوشی ئابووریی جیھان و ھەر وڵاتێک پەیوەیستە بە سەقامگیرییەوە و ڕووداوەکانی ڕۆژانی ڕابردووی عێراقیش دەریان خست کە کاریگەرییان لەسەر ئابووری ھەیە، بەتایبەتی دابەزینی بەھای دراوی عێراقی بەرانبەر بە دۆلاری ئەمەریکی، چونکە ئاڵۆزییەکانی عێراق کاریگەرییان لەسەر کۆی کەرتی ئابووری ھەبووە، لەبەر ئەوە بەھای دراوی عێراقی دابەزی، بەڵام ڕەوشەکە کاتی بوو، ئێستا بەرەو ئاساییبوونەوە دەچێت."

پەیوەست بەو سزایانەی ئەمەریکا دەیانخاتە سەر عێراق، ئەو پسپۆڕی ئابوورییە گوتی: "زۆربەی داھاتی عێراق لە کەرتی نەوتەوە دەست دەکەوێت، ئەگەر بێت و ئەمەریکا بڕیاری سەپاندنی سزا بدات، ئەوا بۆ عێراقییەکان ماڵوێرانکەر دەبێت و عێراق بەرگەی ھیچ سزایەکی ئابووری ناگرێت."

ھەر لەبارەی سەپاندنی سزا ئابوورییەکانەوە دکتۆر عەبدولڕەحمان زرار دەڵێت: "سەپاندنی سزای ئابووری ھەنگاوێکی مەترسیدارە، بەڵام من لەوە باوەڕەدا نیم کە عێراق بتوانێت ھێزەکانی ئەمەریکا دەربکات، لەبەر ئەوەش جێبەجێکردنی سزای ئابووری زەحمەتە سەر بگرێت، لە ئەگەری بڕیارێکی وەھادا عێراق دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی دوای جەنگی کوێت و ڕەوشی ئابووری بەتەواوەتی تێک دەچێت."

قائید میرۆ

 

هەواڵی پەیوەندیدار