٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

"پاپا ھۆشداریی داوەتە عێراق"

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر -KDP.info-  تێکچوونی ڕەوشی عێراق ھێندەی دیکە پێکھاتەکانی دڵگران کردووە و نوێنەرێکی کریستیانەکانیش ئاشکرای کرد، پاپا ھۆشداریی داوە کە پێویستە حوکمێکی مەدەنی لە عێراق ھەبێـت و مافی پێکھاتەکان پارێزراو بێت.


وەحیدە یاقوو، نوێنەری پێشووی کریستیانەکان لە پەرلەمانی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "مەترسی لەسەر پاشەڕۆژی پێکھاتەکانی عێراق پەیدا بووە، چونکە جورێک لە بەڕەڵڵایی لە عێراق پەیدا بووە و کەس بە کەس نییە، ئەوەش وای کردووە پێکھاتەکان زیاتر ھەست بە مەترسی بکەن، بەتایبەتی مەترسی ھەیە بەڕێوەبردنی عێراق بەرەو دیکتاتۆری ھەنگاو بنێت، ئەوەش زیاتر ئێمەی کریستیانی دڵگران کردووە."

ئەو بەرپرسەی کریستیان ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "پێویستە لیژنەی پێداچوونەوەی دەستووری عێراق ڕەوشی عێراق و پێکھاتەکانی لەبەرچاو بێت، بەتایبەتی کریستیان گرێدراون بە ھەرێمی کوردستانەوە و زیاتر لێرە دەژین نەک ناوچەکانی دیکە، لەبەر ئەوە لە دوو لاوە مەترسیمان بۆ پەیدا بووە، یەکەم وەک گەلی کریستیان و دواتریش ئەگەر لە دەستووردا زیان بە ھەرێمی کوردستان بگات، دیسانەوە ئێمەش زەرەرمەند دەبین."

وەحیدە یاقوو جەختی کردەوە، کە پاپا لەبارەی ڕەوشی عێراق و مافی پێکھاتەکانەوە ھۆشداریی داوەتە دەسەڵاتدارانی عێراق و گوتی: "پاپای ڤاتیکان و پاتریاکیش ھۆشدارییان داوە لەبارەی ئاڵۆزییەکانی عێراقەوە و بۆ پاراستنی مافی هەموو پێکھاتەکان جەختیان لە پێکھێنانی حکوومەتێکی مەدەنی کردووەتەوە."

قائید میرۆ

 

هەواڵی پەیوەندیدار