٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

"نەبوونی خزمەتگوزاری لە عێراق، كێشەیەكی كەڵەكەبووی ساڵانی پێشووە"

سەرچاوە: KDP.info

بەغدا-KDP.info- دوای ئەوەی لە ماوەی رابردوودا خۆپێشاندان زۆربەی شار و شارۆچكەكانی عێراقی گرتەوە، ماوەی دوو مانگە بەردەوامە و گوشارەكانیش درێژەیان هەیە، كە ئەمەش بووە هۆی ئەوەی سەرۆكوەزیرانی عێراق دەست لە كار بكێشێتەوە. ئەندامێكی لیژنەی پەیوەندییەكانی دەرەوەش دەڵێ، نەبوونی خزمەتگوزاری لە عێراق، كێشەیەكی كەڵەكەبووی ساڵانی پێشووە.

خۆپێشاندانەكان چەند ئامانجێكیان لە پشتەوەن، وەك دابینكردنی هەلی كار، ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی، نەمانی دەسەڵاتی سیاسی و دابینكردنی خزمەتگوزاریی گشتی.

دەستلەكاركێشانەوەی عادل عەبدولمەهدی

لە (١-١٢-٢٠١٩)، ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بەپێی ماددەی ٧٥ـی دەستووری عێراقی، دەستلەكاركێشانەوەی عادل عەبدولمەهدیی پەسەند كرد.

ریحان حەنا ئەیوب، ئەندامی لیژنەی پەیوەندییەكانی دەرەوە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت: "مەبەستی سەرەكیی خۆپێشاندەران، ئەوە نەبوو كە عادل عەبدولمەهدی لەسەر كار نەمێنێت، چونكە بینیمان دوای عادل عەبدولمەهدیش خۆپێشاندەران بەردەوامن، لەبەر ئەوەی داواكاریی سەرەكییان نەمانی سیستمی دەسەڵاتی سیاسی بوو، چونكە نەبوونی خزمەتگوزاری، كێشەیەكی كەڵەكەبووی حكومڕانیی ساڵانی پێشووتر بوو".

ناوبراو، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "خۆپێشاندەران بەردەوام دەبن، چونكە هیچ گەرەنتییەكیان وەرنەگرتووە، خەڵك داوای ژیانێكی خۆشتر دەكات و دەخوازن ژیانێكی شایستەیان بۆ فەراهەم بكرێت".

پێشتر سەنتەری ستراتفۆری هەواڵگریی ئەمەریكی ڕایگەیاندبوو، بە دەستلەكاركێشانەوەی عادل عەبدولمەهدی، ئەو كێشانەی لە عێراق هەن قوڵتر دەبن و كۆتایی بە ناڕەزایەتییەكان نایەت، شوێنگرەوەی عەبدولمەهدیش لە نێوان لایەنە سیاسییەكانی عێراقدا، كارێكی ئاسان نییە.

سەرۆكوەزیرانی داهاتوو و رەزامەندیی خۆپێشاندەران

دوای دەستلەكاركێشانەوەی عەبدولمەهدی، گفتوگۆكان لە نێوان لایەنە سیاسییەكانی عێراق بەردەوامن بۆ دانانی سەرۆكوەزیرانێكی نوێ، وەك ریحان حەناش دەشڵێ: "دەبێت ئەم كابینەیە خۆی یەكلا بكاتەوە، یان هەڵبژاردنی پێشوەختە بكرێت و یاخود سەرۆكوەزیرێكی نوێ دەستنیشان بكرێت، ئەویش پێویستە بە رەزامەندیی خۆپێشاندەران و گەلی عێراق بێت".

 

كاروان باعەدری

 

هەواڵی پەیوەندیدار