ئەمڕۆ پارێزگاری نوێی مووسڵ دەستبەكار دەبێت

مووسڵ-KDP.info- سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای مووسڵ رایگەیاند، دوای ئەوەی هەفتەی ڕابردوو ئەنجومەنی پارێزگاری مووسڵ نەجم جبووری وەكو پارێزگاری نوێی مووسڵ دیاری كرد، ئەمڕۆ دەستبەكار دەبێت، چونكە مەرسوومی سەرۆكایەتیی كۆماری بۆ دەرچووە.
دوو هەفتە لەمەوبەر، پارێزگاری پێشووی مووسڵ مەنسوور مەرعید، لەسەر داواكاریی خۆی دەستی لە كار كێشایەوە و دواتریش باسی لەوە كرد، كە ئەو دەستی لەكار نەكێشاوەتەوە، بەڵام ئەنجومەنی پارێزگا نەجم جبووری بە زۆرینەی دەنگ وەكو پارێزگاری نوێ دیاری كرد.
لەو بارەیەوە، سەیدۆ چەتۆ، سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای مووسڵ، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی، دوای دیاریكردنی نەجم جبووری وەكو پارێزگاری نوێی مووسڵ، بڕیارە ئەمڕۆ بە فەرمی وەكو پارێزگار دەستبەكار بێت، چونكە مەرسوومی سەرۆكایەتیی كۆمار بۆ دەستبەكاربوونی دەرچووە.
ناوبراو دەشڵێ، پارێزگاری پێشوو تانەی لەكارلادانی خۆی داوەتە دادگای فیدراڵی و هەر دادگاش ئەو تانەیە یەكلا دەكاتەوە.
بڵند ئیبراهیم




