لیژنەی هەمواركردنەوەی دەستوور: تا ئێستا هەنگاوی كرداریمان نەناوە

بەغدا-KDP.info- ئەندامێكی لیژنەی هەمواركردنەوەی دەستووری عێراق گوتی، كۆبوونەوەكانی لیژنەی هەمواركردنەوەی دەستوور بەردەوامن و دەشڵێ: "پێنج كۆبوونەوەی راوێژكاریمان ئەنجام داوە بۆ دانانی نەخشەڕێگایەك، بەڵام تا ئێستا هەنگاوی كرداریمان نەناوە".
رێبوار هادی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند: "كۆبوونەوەكانی لیژنەی هەمواركردنەوەی دەستوور بەردەوامن و تاوەكو ئێستا 5 كۆبوونەوەمان ئەنجام داوە، كە تاوەكو ئێستا چاوپێكەوتن لەگەڵ شارەزا و رێكخراوەكان دەكەین بۆ ئەوەی نەخشەڕێگایەك دابنێین تا بزانین بە چ شێوەیەك دەست بە هەمواركردنەوەی بكەین و، ئەو ماددانەش دیاری بكەین كە هەموار دەكرێنەوە".
هادی گوتیشی: "كورد بۆ هەمواركردنەوەی دەستووری عێراق داواكاریی خۆی ئامادە كردووە و لە كاتی هەمواركردنەوەی ماددەكاندا داواكارییەكانی خۆمان دەخەینە ڕوو، بەڵام جارێ هیچ هەنگاوێكی كرداری نەنراوە".
پەرلەمانی عێراق لیژنەیەكی بۆ هەمواركردنەوەی دەستووری عێراق پێك هێناوە، كە لیژنەكە دەستبەكار بووە و تاوەكو ئێستاش 5 كۆبوونەوەیان ئەنجام داوە، بەڵام هێشتا ئەو ماددانەیان دیاری نەكردووە، كە بڕیارە هەمواریان بكەنەوە.
بڵند ئیبراهیم




