٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

شێخ محیەدین: سەدان چەکداری داعش لە سووریاوە ھاتوونەتە مووسڵ

سەرچاوە: KDP.info

 

مووسڵ-KDP.info- چەند ڕۆژێکە چەکدارانی داعش لە سنووری پارێزگای نەینەوا دەستیان بە جووڵەیەکی زیاتر کردووە و بەرپرسێکی ئەو پارێزگایەش ھۆکاری دەرکەوتنەوەی داعش بۆ ھاتنی ژمارەیەک چەکداری داعش لە سووریاوە بۆ مووسڵ دەگەڕێنێتەوە.

 

شێخ محیەدین مزووری، کارگێڕی لقی چواردەی پارتی لە مووسڵ، بە مالپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "چەند ڕۆژێکە چەکدارانی داعش لە سنووری نەینەوا جووڵەی زیاتریان ھەیە و لە ھەندێ ناوچە مەفرەزەکانی داعش بەئاشکرا ھاتوچۆ دەکەن و لەو سنوورانەی دەوروبەری مووسڵ خەریکی خۆڕێکخستنەوەن."

 

ئەو بەرپرسەی مووسڵ گوتیشی: "داعش لە مووسڵ ھەر ماوە و کۆتاییی نەھاتووە، لەبەر ئەوەی فکری داعش تا بمێنێ، ئەوانیش کەم، یان زۆر ھەر دەمێنن، وەک سەرۆک بارزانیش دوای کوژرانی ئەبووبەکر بەغدادی ئاماژەی بۆ کرد، داعش بە کوشتنی بەغدادی کۆتاییی نایەت."

 

مزووری ڕوونی کردەوە: "ماوەکانی ڕابردوو ڕەوشی سووریا و ڕۆژئاوای کوردستان ئاڵۆزیی بە خۆیەوە بینیوە و داعش توانی دزە بکاتە نێو عێراق، بەپێی زانیارییەکانی ئێمە سەدان، چەکداری داعش لە سووریاوە گەیشتوونەتە سنووری پارێزگای نەینەوا و خەریکی خۆئامادەکردنن."

 

شێخ محیەدین مزووری دەڵێت: "چەکدارانی داعش، ئەوانەی لە سووریاوە ھاتوونە مووسڵ ژمارەیەکیان لە ڕێگەی ناوچەی حاویە گواستراونەتەوە بۆ سنوری مەخموور و چیای قەرەچۆخ و بەشێکی دیکەشیان چوونەتە سنووری پارێزگای ڕومادی و لەوێ جێگیر بوونە."

قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار