٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

كریستیانەكان داوای گەرەنتی دەكەن لە ھەمواركردنەوەی دەستووری عێراقدا

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- كریستیانەكانی عێراق و ھەرێمی كوردستان، داوای گەرەنتی دەكەن لە ھەمواركردنەوەی دەستووری عێراقدا، نوێنەرێكی كریستیانەكانیش دەڵێ: "دیاركردنی پێنج كورسی بۆ كریستیانەكان لە پەرلەمانی عێراق، ناعەدالەتیی تێدایە و ناتوانین بە پێنج كۆرسی مافەكانمان بەدەست بێنین".

روبینا تیاری، نوێنەری كریستیەكان لە پەرلەمانی كوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "خۆپیشاندانەكانی عێراق كاریگەریی كردووەتە سەر پێكھاتەكانی كریستیان و بە چەندین درووشمی نەتەوەیی كلد و ئاشوور و سریانیش بەشدارییان لە خۆپیشاندانەكانی باشووری عێراق و بەغدا كردووە، چونكە ئەو خۆپیشاندانانە بۆ داواكردنی مافی مەدەنی و یاساییە".

پەیوەست بە ھەمواركردنەوەی دەستووری عێراق، ئەو نوێنەرەی كریستیان دەڵێت: "پێویستە لە ھەمواری دەستووردا مافی ھەموو پێك ھاتەكان لە بەرچاو بگیرێت، لەوانەش پێكھاتەی كریستیان و نوێنەرێكی كریستیانیش بەشدارە لە ھەمواركردنەوەی دەستووردا، لەبەر ئەوەی بەپێی ماددەی ١٢٦ پێویستە گەرەنتی بۆ پێكھاتەكان ھەبێت".

لەو پڕۆژەیاسایەدا كە بۆ ھەمواری یاسای ھەڵبژاردنەكانی عێراق ئامادە كراوە، پێنج كورسی بۆ كریستیانەكان لە پەرلەمانی عێراق دیاری كراون، بەڵام روبینا تیاری ئەو ژمارەیە بە كەم دەزانێت و پێی وایە: "خواستی ئێمە زیاترە و بە پێنج ئەندام ناتوانین وەك پێویست كار بۆ بەدەستھێنانی مافەكانمان بكەین، بۆیە لە ھەوڵداین بۆ زیادكردنی كورسیی كریسیتانەكان".

 

قائید میرۆ

 

 

هەواڵی پەیوەندیدار