٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

داعشە دەستگیرکراوەکان سەرئێشەی هەموو جیهانن.. چارەنووسیان چییە؟

سەرچاوە: KDP.info

 

دهۆک -KDP.info- دوای نەمانی داعش، ئەو ڕێکخراوە گەورە تیرۆریستییەی لە عێراق و سووریا و بەشێک لە وڵاتانی تر سەری هەڵدا، بە هەزاران داعش دەستگیر کران، دوای دەستگیرکردنیشان ئەوان بوونەتە کێشەی گەورەی بەردەم جیهان. سەرکردەیەکی سەربازی دەڵێ، ئەوان سەرئێشەی گەورەی جیهانن.

 

ئەو گرووپەی ناوی دەوڵەتی ئیسلامیی عێراق و شامی لە خۆی دانابوو، خەڵک بە ''داعش'' ناویان دێنا، ڕۆژی ٢٩ی ٦ی ٢٠١٤ لە ڕێگەی وتەبێژەکەیەوە بە ناوی ئەبوومحەمەد عەدنانی، لە تۆمارێکی دەنگیدا دەوڵەتەکەیانی ڕایگەیاند و ئەبووبەکر بەغدادیی وەکو خەلیفەکەیان ناساند.

 

ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش زادە و بەرهەمی ڕێکخراوەکانی قاعیدە و جیهاد و تەوحید بوو، کە لە ناوچەیەکدا نەوەستا و ڕووبەرەکەی فراوانتر کرد و، ڕووبەرێکی گەورەی عێراق و سووریای گرتە دەست و دەستی بە چالاکی کرد.

 

داعش پاشماوەی هزری تیرۆریستی بوو، بەڵام بە فۆرم و پلانێکی تر، بە ئایدۆلۆژیایەکی توندڕۆ و تاکڕۆ بوو، هیچ ئایدۆلۆژییەکی جگە لە ئایدۆلۆژیای خۆی قبووڵ نەدەکرد، چەند ئامانجی سەرەکیشی هەبوو، ئەوانیش کۆمەڵکوژیی ئایینەکانی تر، لەنێوبردنی هەموو شوێنەوارە مێژوویییەکان، دروستکردنی پارە و سیستمی بەڕێوەبردن و دادگا لە ڕیگەی دەوڵەتەکەیەوە.

 

دواتر داعش لە ڕیگەی هاوپەیمانان و پێشمەرگە و چەندین هێزی ترەوە لە عێراق و سووریا لەنێو بردرا و ژمارەیەکی گەورەی ئەندامەکانی کەوتوونەتە دەست هێزەکان. بابەکر زێباری، سوپاسالاری پێشووی عێراق دەڵێ: "ئێستا ئەمەریکا و وڵاتان لەسەر خەتن بۆ چارەکردنی ئەو کێشە گەورەیەی کە بەرۆکی جیهانی گرتووە."

 

سوپاسالاری پێشووی عێراق بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێ: "جگە لە کێشەی خودی ئەو داعشانە، کێشەی گەورەتر ئەوەیە کە خێزانەکانیان مەترسیدارترن بۆ سەر داهاتووی ناوچەکە."

 

شارەزایان پێیان وایە، ئەو داعشانە وەک بۆمبێکی کاتکراوەیین، نازانرێت کەی دەتەقێتەوە، هەر کە منداڵەکانیان گەورە دەبن، کێشەکانیان گەورەتر دەبن.

 

بەڕێوەبەری کەمپەکانیش ئامادەییی خۆیان دەربڕیوە، کە ئەو داعشانە ڕادەستی وڵاتەکانیان بکەن، بە مەرجێک وڵاتەکانیان سزایان بدەن.

 

بابەکر زێباری گوتیشی: ''زیاتر لە ١٣هەزار چەکدار هەن و خێزانیشیان لە کەمپەکانی سووریان و لەژێر چاودێرییەکی ورددان، هیچ وڵاتێکیش ئامادەییی دەرنەبڕیوە کە ئەو داعشانە ببەنەوە بۆ وڵاتەکەیان."

 

بەشێک لە شارەزایانی سەربازیش ئاماژە بەوە دەکەن، ئەم چەکدارە دەستگیرکراوانە بوونەتە کارتی فشار، ئێستاش هەندێک وڵات ترسی ئەوەیان هەیە، منداڵانی ئەو چەکدارانە لە ئایندەدا ببنە هەڕەشە بۆ سەر وڵاتەکانیان.

 

کەمپێکی تایبەت لە سووریا لە شاری "هۆل" بۆ خێزانی ئەم چەکدارانە کراوەتەوە، تا ئێستاش هزریان بۆ خەلافەتەکەی داعشە، ئەو کەمپە بە مەترسیدارترین کەمپ دادەنرێت.

 

کــاروان بــاعەدری

 

هەواڵی پەیوەندیدار