نەجیب: لە عێراق 900 ملیار دۆلار بەهەدەر دراوە.. 120 ملیاریش قەرزدارە

بەغدا-KDP.info- پەرلەمانتارێكی پێشووی عێراق رایگەیاند، لە ماوەی 15 ساڵی ڕابردوودا لە عێراق 900 ملیار دۆلار بە گەندەڵی بەهەدەر دراوە و 120 ملیار دۆلاریش قەرزدارە، كە زۆرینەی هی دوای ساڵی 2003ـیە. دەشڵێ، بۆ ئەوەی چاكسازی بكرێت، گەندەڵی نەمێنێت و داواكاری خۆپیشاندەران جێبەجێ بكرێت، پێویستە دەرفەتێك بدرێتە حكوومەتی ئێستای عێراق.
نەجیبە نەجیب، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی، ئەو دۆخەی ئێستا لە عێراق هاتووەتە ئاراوە و ئەو خۆپیشاندانانەی دەكرێن، بەرهەمی گەندەڵی و ناعەدالەتیی 15 ساڵی ڕابردووە، نەك هی حكوومەتی ئێستا، بۆیە پێویستە كات بە حكوومەتی ئێستا بدرێت بۆ ئەوەی گەندەڵكاران سزا بدرێن و چاكسازی بكرێت و داواكاریی خۆپیشاندەرانیش جێبەجێ بكرێن".
نەجیب گوتیشی: "لە ماوەی 15 ساڵی ڕابردوودا 900 ملیار دۆلار بە گەندەڵی بەهەدەر دراوە و كەس نازانێت ئەو پارە زۆرە چۆن خەرج كراوە، جگە لەوەش 120ملیار دۆلار قەرزدارە، كە 70 ملیار دۆلاری قەرزی دوای كەوتنی رژێمی رووخاوە و ئەوەی دیكەش لە سەردەمی رژێمدا قەرز كراوە، بەڵام حكوومەت نەك هەر نەدەبوو قەرز بكات، بەڵكوو دەبووایە ئەو قەرزانەش بداتەوە كە پێشتر لەسەری بوون، چونكە ساڵانە داهاتێكی زەبەلاح دێتە عێراق و خەڵكی عێراقیش هیچ سوودێكی لێ وەرناگرن".
ئەو پەرلەمانتارەی پێشووی عێراق لە لیژنەی دارایی دەشڵێ، دەركەوت دەسەڵاتدارانی عێراق لە ماوەی ڕابردوودا گەندەڵ بوونە، كە هەمیشە كوردیان بەوە تۆمەتبار دەكرد پارەی عێراق هەمووی بۆ كورد دەچێت، لە كاتێكدا پارەی عێراقیان بە گەندەڵی بەهەدەر داوە.
بڵند ئیبراهیم




