رزگار حاجی: كۆمسیۆن بۆ ھەڵبژاردنی پێشوەختە پێویستی بە حەوت مانگە

هەولێر-KDP.info- جێگری سەرۆكی كۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەكانی عێراق ئاشكرای كرد، كۆمسیۆن بۆ بەڕێوەبردنی ھەڵبژاردنی پێشوەختە پێویستی بە حەوت مانگە و دەشڵێ، ھەڵوەشاندنەوەی كۆمسیۆن تەنیا لە دەسەڵاتی پەرلەماندایە.
رزگار حاجی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "كۆمسیۆنی ھەڵبژاردنی عێراق ئاگاداری ھەمواركردنەوەی یاسای ھەڵبژاردنەكانی عێراق نییە و لە راگەیاندنەكانەوە بیستمان پڕۆژەیەك بۆ ھەمواركردنەوەی یاسای ھەڵبژاردن لەلایەن سەرۆكایەتیی كۆمارەوە ئامادە دەكرێت".
لەبارەی ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پێشوەختەش، جێگری سەرۆكی كۆمسیۆن دەڵێت: "ماوەیەكی درێژە كۆمسیۆن ئامادەكاری بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق دەكات، ئەگەر بێت و بڕیاری ھەڵبژاردنی پێشوەختەش بدرێت، ئەوە ماوەیەكی زۆرتر دەخایەنێت، چونكە ئامادەكاریی زۆری دەوێت ھەر لە پێداچوونەوەی لیستی دەنگدەرانەوە بگرە ھەتا دەگاتە ئەنجامدانی چەندین گرێبەست".
حاجی جەختی كردەوە: "ھەر پڕۆسەیەكی ھەڵبژاردن پێویستی بە ٢٢٠ رۆژی تەقویمییە، لەبەر ئەوەی بەڕێوەبردنی پڕۆسەی ھەڵبژاردن رێوشوێنی خۆی ھەیە، دابینكردنی ئامێری ئەلیكترۆنی بۆ دەنگدەران و ژماردنەوەی دەنگەكان، ھەروەھا چەندین رێكاری دیكە ھەن، بۆیە بەبێ ھەبوونی كاتی بەردەست بەڕێوە ناچێت".
پەیوەست بە ھەڵوەشاندنەوەی كۆمسیۆنیش، رزگار حاجی گوتی: "ھەڵوەشاندنەوەی كۆمسیۆن لە دەسەڵاتی پەرلەمانی عێراقدایە و ھەر كاتێك پەرلەمان بە یاسا بڕیاری ھەڵوەشاندنەوەی كۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەكانی دەركرد، ئێمەیش لە كۆمسیۆن ١٠٠% پابەندی بڕیارەكەی پەرلەمان دەبین".
قائید میرۆ




