چاودێران: کوژرانی بەغدادی کاریگەریی لەسەر داعش دەبێت

هەولێر -KDP.info- دوای بڵاوبونەوەی ھەواڵی کوژرانی ئەبووبەکر بەغدادی، خەلیفەی داعش، لە پارێزگای ئیدلیبی سووریا، چاودێران بۆچوونی جیاوازیان لەسەر ڕووداوەکە ھەیە و چاودێرێکی سیاسیش پێی وایە، بە کوژرانی بەغدادی کۆتایی بە داعش نایەت، ھەرچەندە چاودێران ھاوڕان لەسەر لاوازبوونی داعشی دوای بەغدادی.
مەحموود عوسمان، سیاسەتمەداری کورد، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "کوژرانی ئەبووبەکر بەغدادی کاریگەریی لەسەر لاوازبوونی گرووپی تیرۆرستیی داعش دەبێت، بەڵام پێشبینی دەکرێت داعش کەسێکی دیکە بۆ شوێنگرەوەی بەغدادی ھەڵبژێرێت، جووڵەی داعش ھەر دەمێنێت، چونکە پێشتر بە کوژرانی بن لادن کاریگەریی کردە سەر ڕێکخراوی قاعیدە، کوژرانی بەغدادیش دەبێـتە ھۆی کاڵبوونەوەی داعش."
پڕۆفیسۆر خەلیل ئیسماعیل، پسپۆڕی جوگرافیای سیاسیش بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "ئەمەریکا لە سووریا و عێراق لە دوو لایەنەوە کار دەکات، پێم وایە داعش بە کوژرانی خەلیفەکەیان کۆتایی نایەت، لەوانەیە بایی خۆی کاریگەریی ھەبێت، لەگەڵ ئەوەشدا فکری داعش ھەر دەمێنێ، پێم وایە وڵاتان باوەڕیان بە ئەمەریکا لە ناوچەکەدا نەماوە، لەبەر ئەوەش، ئەمەریکا بە کوشتنی ئەبووبەکر بەغدادی ویستی ئەو پەیامە بە گەلانی ناوچەکە و وڵاتانی زلھێز بگەیەنێت، بۆ ئەوەی باوەڕیان بە ھەبوونی ئەمەریکا لە ناوچەکەدا ھەبێت."
دکتۆر مەحموود عوسمان دەڵێت: "گرووپی تیرۆرستیی داعش لە ڕەوشێکی خراپدایە، بە کوژرانی خەلیفەکەیان زیاتر دەپەشۆکێن و لەوانەیە پەرچەکرداریشیان ھەبێت بۆ ئەوەی مانەوەی خۆیان بسەلمێنن."
پڕۆفیسیۆر خەلیل ئیسماعیل جەختی کردەوە: "کوژرانی بەغدادی مانای ئەوە نییە کۆتایی بە گرووپی تیرۆریستیی داعش دێت، پلان و ستراتیژیی وڵاتانی زلھێز درێژخایەنە، ئەوان بەگوێرەی بەرژەوەندیی خۆیان کار لەسەر ناوچەکە دەکەن، ئەگەر داعش نەمێنێ و ڕەوشی وڵاتانی وەک عێراق و سووریا و ئێران سەقامگیر بێت، وڵاتانی زلھێز چی دەکەن لە ناوچەکە، یارییەکە لەوە گەورەترە، کە خەڵک بیری لێ دەکاتەوە."
قائید میرۆ




