٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

د. ڤیان: حكوومەت بگۆڕدرێت لە عێراق فەوزا دروست دەبێت

سەرچاوە: KDP.info

بەغدا-KDP.info- سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق گوتی، خۆپیشاندانەكانى عێراق لە ئاشتییەوە بۆ توندوتیژی و تەسفییەی حیساب گۆڕاون و داوای رووخانی حكوومەت دەكەن و ئەگەر حكوومەتیش بگۆڕدرێت، فەوزا دروست دەبێت.

د. ڤیان سەبری، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند: "سەرۆكی پەرلەمانی عێراق بڕیاری دا كە ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق لەبارەی داواكاریی خۆپیشاندەرانەوە كۆببێتەوە و ئێمەش پشتگیری لە مافی دەستووریی خۆپیشاندەران دەكەین، بەڵام دژی توندوتیژین و نامانەوێت خەڵك بكوژرێت و تەسفییەی حیساب بكرێت".

سەبری گوتیشی: "هیوادارین حكوومەت داواكاریی خۆپیشاندەران جێبەجێ بكات و ئەوانیش بە ئاشتیانە و دوور لە توندوتیژی خۆپیشاندان بكەن، هەر چەندە لە پارێزگاكانی باكووری عێراق هیچ خۆپیشاندانێكی ئاشتیانە نەماوە و هەمووی بووەتە توندوتیژی و تەسفییەی حیساب و عەشائیری و كەسی و توندوتیژیی لێ دروست بووە، لەبەر ئەوەی 40 كەس شەهید بوون و 2 هەزار و 300 كەسیش بریندار بوون، ئەمەش ژمارەیەكی یەكجار زۆرە".

ناوبراو باسی لەوەش كرد، دۆخەكە زۆر خراپە و ناتوانن پێشبینی بكەن بە چ ئاقارێكدا دەڕوات، یەكێك لە داواكارییەكانیش گۆڕینی حكوومەتە و دەڵێن دەبێ بڕووخێت، بەڵام شوێنگرەوەی نییە و بە گۆڕینی حكوومەتیش، فەوزا دروست دەبێت.

 

بڵند ئیبراهیم

هەواڵی پەیوەندیدار