"پلانێکی نوێ ھەیە بۆ جێگرەوەی ئەنجومەنی پارێزگاکان"

هەولێر-KDP.info- نوێنەرێکی کورد لە پەرلەمانی عێراق ئاشکرای کرد، پلانێک ھەیە بۆ جێگرەوەی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق و دەشڵێ، کورد دژی ھەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا و کەرکووکن.
دیار تەیب، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ھەندێ لایەنی سیاسی بابەتی سڕکردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراقیان بەکار ھێناوە بۆ مەبەستی خۆیان و بەتایبەتی کە نزیک دەبینەوە لە ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق لە مانگی نیسانی ساڵی داھاتوو، کورد بەگشتی دژی ھەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی پارێزگاکانە، لەبەر ئەوەی پێچەوانەی دەستووری ھەمیشەییی عێراقە."
ڕێبوار ھادی، سەرۆکی لیژنەی یاساییی پەرلەمانی عێراق، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "بابەتی ھەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی پارێزگاکان زیاتر پرسێکی یاساییە و پێویستە دەسەڵاتی دادوەری بڕیاری لەسەر بدات، نەک بە بڕیارێک، چونکە ھەڵبژاردنیش بەڕێوەیە و لایەنە سیاسییەکان خەریکی خۆئامادەکردنن بۆ ھەڵبژاردن."
پەرلەمانتارەکەی پارتی دەشڵێت: "پلانێک ھەیە، کە پەرلەمانتارانی ھەر پارێزگایەک شوێنی ئەنجومەنی پارێزگاکەیان بگرنەوە و لە ئەنجومەنی نووێنەرانی عێراقدا نوێنەرایەتیی پارێزگاکەیان بکەن، ئەمەش ھەنگاوێکی ناتەندروستە."
ڕێبوار ھادی جەختی کردەوە: "کورد دژی ھەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق، بەتایبەتی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووکە، کە بە بڕیاری برێمەر کار دەکات و ئەگەریش ئەنجومەنەکان ھەڵبوەشێندرێنەوە، ئەوە پارێزگای کەرکووک ناگرێتەوە، چونکە بە بڕیاری تایبەت پێک ھاتووە و ھیچ بڕیارێکی دیکە نایگرێتەوە، لەبەر ئەوە پێویستە کۆدەنگی ھەبێ بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە و بەبێ چارەسەری گونجاو، کورد ڕازی نابێت بڕیار لەسەر چارەنووسی ئەنجومەنی پارێزگاکان بدرێت."
دەربارەی زیانەکانی ھەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی پارێزگاکان بۆ کورد، دیار تەیب ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "لە کەرکووک و نەینەوا زیانی بۆ کورد ھەیە، چونکە ھیچ گەرەنتییەک نییە بۆ ئەوەی کورد تا چەند نوێنەرایەتیی ئەو پارێزگایانە بکات، چونکە پێمان وایە گەندەڵی و وەبەرھێنانی سیاسیی تێدا دەکرێت."
قائید میرۆ




