٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

چاودێران: مەترسیی داعش زیاتر دەركەوتووە.. پیلانیان هەیە ناوی خۆیان بگۆڕن

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- چەند رۆژێكە لەگەڵ ھێرشەكانی سەر رۆژئاوای كوردستان، گرووپی تیرۆرستیی داعش لە عێراق و سووریا دەستی بە جووڵە كردووە، چاودێرانیش پێیانوایە، داعش سوودی لە ئاڵۆزییەكانی سووریا و عێراق بینیوە و شارەزایەكی سەربازییش دەڵێت، رێكخراوێكی دیكەی تیرۆرستیی ھاوشێوەی داعش سەرقاڵی خۆئامادەكردنە بۆ ئەوەی دەست بەسەر چەند ناوچەیەكی عێراقدا بگرێت.

ھێمن حەسەن ساڵح، شارەزای سەربازی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "رەوشی ئاڵۆزی سووریا و عێراق دەرفەتی بۆ گرووپی تیرۆرستیی داعش رەخساندووە دەست بە جووڵە بكات، پیلانی داعشیش ئەوەیە ناوی خۆی بگۆڕێت بۆ سوپای ئازادی سوننە، ئەوەش وا دەكات زۆر بە ئاسانی دەست بەسەر ناوچە سوننەمەزھەبەكانی عێراقدا بگرن".

ئەو شارەزا سەربازییە پێی وایە: "مەبەست لەو پیلانە و گۆڕینی ناوی داعش بۆ سوپای ئازادی سوننە ئەوەیە، تا وڵاتانی نێودەوڵەتی و ئەنجوومەنی ئاسایش بڕیار دەدەن ئەو رێكخراوە بخەنە لیستی تیرۆرەوە و ئامانجی خۆیان دەپێكن، ھەمان سیناریۆی سووریاش دووبارە دەكاتەوە، كە لە ژێر ناوی سوپای سووریا ئازاد گرووپە توندڕۆكان لەوانەش داعش و جەبھەی نووسرە خۆیان حەشار داوە و كردەوەی تیرۆرستی ئەنجام دەدەن".

ھاوكات محەمەد بازیانی، شارەزا لە گرووپە ئیسلامییەكان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێت: "ھێشتا مەترسیی گرووپی تیرۆرستیی داعش لەسەر عێراق ماوە و پێشبینیی بەھێزبوونی ئەو گرووپە دەكرێت، لەبەر ئەوەی ھێشتا فكری توندڕەوی داعش لەنێو مێشكی بەشێكی زۆری عێراقییەكاندا ماوە و پێویستە بە وردی كاری لەسەر بكرێت، بەڵام پێم وا نییە داعش بگاتەوە ئەو ھێزەی وەك پێشتر ناوچەیەكی بەرفراوانی بكەوێتە دەست و دەسەڵاتی ھەبێت".

ھێمن حەسەن گوتیشی: "ئەگەر رەوشی ئەمنیی عێراق بەرەو ئاڵۆزیی زیاتر بچێت، ئەوا داعش پیلانەكەی جێبەجێ دەكات و دەست بەسەر ناوچەیەكی فراوانی عێراقدا دەگرێت، ئێستاش شەوان لە ھەندێ ناوچەی عێراق دەسەڵات لە دەست داعشە و ھێزە ئەمنی و سەربازییەكانی عێراق توانای كۆنتڕۆڵكردنی مەلەفی ئەمنیی عێراقیان نییە".

 

قائید میرۆ

 

هەواڵی پەیوەندیدار