"مەترسی ھەیە حەوتھەزار داعش بگەڕێنەوە عێراق"

هەولێر-KDP.info- دوای ئاڵۆزییەکانی ڕۆژئاوای کوردستان ھێزە ئەمنی و سەربازییەکانی سنووری مووسڵ کەوتنە ئامادەباشییەوە بۆ ڕێگریکردن لە دزەکردنی داعش بۆ ناو خاکی عێراق. بەرپرسێکی ئەمنیی مووسڵیش دەڵێ، مەترسی ھەیە حەوتھەزار داعش بگەڕێنەوە عێراق.
ھاشم بریفکانی، سەرۆکی لیژنەی ئەمنیی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ھێزێکی زۆری ئەمنی لە مووسڵەوە ڕەوانەی قەزای شنگال کراوە بۆ ئەوەی سنووری لەگەڵ سووریا توند بکرێت و ڕێگە نەدرێت داعش دزە بکاتە نێو خاکی عێراقەوە، بڕیارە ھێزێکی سوپای عێراقیش لەسەر سنوور جێگیر بکرێت، لەبەر ئەوەی مەترسی ھەیە داعش لەنێو خاکی سووریاوە دزە بکاتە نێو عێراق."
سەرۆکی لیژنەی ئەمنی گوتی: "٨٠%ی دانیشتووانی نێو کەمپی ھۆلی ڕۆژئاوای کوردستان داعشی عێراقین و پێشتریش وڵاتانی زلھێز لە ھەوڵدا بوون ئەو داعشە عێراقییانە بگەڕێننەوە وڵاتی خۆیان، بەڵام عێراق ڕەتی کردەوە، چونکە بڕیار بوو لە سنووری مووسڵ خێوەتگەیەکیان بۆ بکرێتەوە، بەڵام ئێمە وەکی ئیدارەی مووسڵ ڕێگر بووین لە گەڕانەوەی داعشەکان."
ھاشم بریفکانی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "پێویستە سنووری عێراق لەگەڵ سووریا بەتەواوی کۆنتڕۆڵ بکرێت و دەرفەت بۆ داعش نەمێنێت، کە بگەڕێتەوە عێراق، چونکە حەوتھەزار چەکداری داعش لە کەمپی ھۆلن و مەترسی ھەیە لەگەڵ ئاڵۆزییەکانی ڕۆژئاوای کوردستان بەرەو عێراق ھەڵبێن."
قائید میرۆ




