٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

رێبوار ھادی: ئەنجومەنی پارێزگاكان سڕ نەكراون و لە كارەكانیان بەردەوام دەبن

سەرچاوە: KDP.info

بەغدا-KDP.info- سەرۆكی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی عێراق، رەتی كردەوە كە ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق لەلایەن پەرلەمانەوە سڕ كرابن و دەڵێ، ھەر پارێزگایە و بە گوێرەی تایبەتمەندییەكەی مامەڵەی لەگەڵدا دەكرێت.

رێبوار ھادی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "پێشنیاز ھەبوو وادەی یاسایی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق لە ١ی ئادار كۆتایی پێ بێت، بەڵام ئێستا ئەو پرسە رەوانەی لایەنی یاسایی كراوە و پێشنیازی دیكە ھەن بۆ چارەكردنی وادەی یاسایی ئەنجومەنی پارێزگاكان".

ھادی ئاماژەی بۆ ئەوە كرد: "پێشنیازەكە ئەوەیە، كار بە یاسای ژمارە ٢١ی ئەنجومەنی پارێزگاكان بكرێت و ھەر پارێزگایەك بە گوێرەی تایبەتمەندیی خۆی مامەڵەی لەگەڵدا بكرێت، ئەوە داواكاریی ئێمەشە وەك لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی عێراق".

پەیوەست بە بڕیاری پەرلەمان بۆ ھەڵپەساردنی كاری ئەنجومەنی پارێزگاكان، سەرۆكى لیژنەی یاسایی گوتی: "ئەنجومەنی پارێزگاكان سڕ نەكراون، ئەو زانیاریانە بە ھەڵە بڵاو كراونەتەوە لە راگەیاندنەكان و ھیچ گۆڕانكارییەك بەسەر ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراقدا نەھاتووە، راستە هەفتەی رابردوو لە كۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق ئەو خاڵە داندرابوو، بەڵام دواتر دەنگی لەسەر نەدرا و لەنێو بڕیارەكانی پەرلەمان دەرھێندرا".

ناوبراو دەشڵێت: "ھەوڵ ھەیە بۆ ئەوەی ئەنجومەنی پارێزگانی عێراق نەمێنن یانیش سڕ بكرێن، بەڵام تا ئێستا كە من قسە بۆ ئێوە دەكەم، ھیچ رووی نەداوە و ئەنجومەنی پارێزگاكان لە كارەكانیان بەردەوام دەبن".

 

قائید میرۆ

 

هەواڵی پەیوەندیدار