د ڤیان: خۆپیشاندانەكانی عێراق دوولایەنەن

بەغدا-KDP.info- سەرۆكی فڕاكسیۆنی پارتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق گوتی، خۆپیشاندانەكانی عێراق دوولایەنەن، خەڵكێك داوای خزمەتگوزاری دەكات لە رێگەی ئاشتیانە و ئێمە پشتگیرییان دەكەین، بەڵام دەستێكی سیاسیش لە پشت خۆپیشاندانەكانەوە هەیە بۆ ئەوەی حكوومەتی عادل عەبدولمەهدی بڕووخێت، كە ئێمە لەگەڵی نین، چونكە شكستەكانی حكوومەتەكانی 16 ساڵی ڕابردوو بە ساڵێك چارەسەر نابن.
د. ڤیان سەبری، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند: "چەند هۆكارێك لە پشت خۆپیشاندانەكانی عێراقەوە هەن، لەوانە خەڵكێك داواكاریی رەوای هەیە و داوای خزمەتگوزاری دەكەن، بەڵام حكوومەتەكانی عێراق لە 16 ساڵی راِبردوودا شكستیان هێناوە و سەرۆكوەزیرانی ئێستاش ناتوانێ لە ماوەی یەك ساڵدا ئەو هەموو شكستە چاك بكاتەوە و پێویستی بە كات هەیە، جگە لەوەش ئۆپۆزسیۆنێكی سیاسی هەیە و دەیانەوێت سەرۆكوەزیران بڕوات و خۆیان بێنە شوێنی و شانەی نووستووی بەعسیش هەیە بۆ ئەوەی حكوومەتی عێراق بڕووخێت".
سەبری گوتیشی: "ئێمە پشتگیری لە خۆپیشاندانی ئاشتیانە دەكەین و لە دەستووریشدا هاتووە، بەڵام ئێمە لەگەڵ ئەنجامدانی توندوتیژیدا نین و پێویستە لە رێگەی ئاشتیانەوە كێشەكان چارەسەر بكەن، چونكە ناكرێت بینای حكوومی بسوتێندرێت و هێزە ئەمنییەكانی بە سلمی رێگرییان لێ بكەن و ئەوانیش توندوتیژی بەكار نەهێنن، بەڵام ئەو خۆپیشاندانانە ئاشتیانە نین و دەستێكیان لە پشتە".
ناوبراو باسی لەوەش كرد، خەڵك مافی رەوای خۆیەتی كە داوای خزمەتگوزاری بكات، چونكە خەڵك بێزارە و پێویستی بە خزمەتگوزارییە و سەرۆكوەزیرانیش هەر سەرقاڵی چاككردنەوەی شكستەكانی حكوومەتەكانی پێشووە، ئەمەش پێویستی بە كاتی زیاتر هەیە.
بڵند ئیبراهیم




