نوێنەرێكی كریستیانەكان: یەك ملیۆن كریستیان عێراقیان جێھێشتووە

هەولێر-KDP.info- دوای پڕۆسەی ئازادیی عێراق، رەوشی ئەمنی ئاڵۆز بوو و مەترسی بۆ سەر پێكھاتەكانی ئەو وڵاتە هاتە ئاراوە، بە گوتەی نوێنەرێكی كریستیانەكانیش، تا ئێستا یەك ملیۆن كریستیان ناچار كراون عێراق جێبهێڵن.
فەرید یەعقوب، نوێنەری كریستیان لە پەرلەمانی كوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "دوای ساڵی ٢٠٠٣ ژمارەی كریستیانەكانی عێراق یەك ملیۆن و ٥٠٠ ھەزار كەس بوو، بەڵام دوای ئەوەی رێكخراوە تیرۆریستییەكان دروست بوون و شەڕی مەزھەبی دەستی پێكرد، ھاووڵاتیانی كریستیان ناچار بوون عێراق بەرەو وڵاتانی جیھان بەجێی بێڵن، بە تایبەتی دوای ھاتنی گروپی تیرۆریستیی داعش، كە كاریگەری لەسەر كۆچی كریستیانەكان ھەبوو، لە ئێستاشدا تەنیا ٤٠٠ ھەزار كریستیان لە عێراق و ھەرێمی كوردستان ماون و یەك ملیۆن كریستیان عێراقیان جێھێشتووە".
ئەو نوێنەرەی كریستیانەكان گوتیشی: "رەوشی كریستیانەكانی عێراق لە مەترسیدایە و ئەگەر بە ھۆی رەوشی ئارامی ھەرێمی كوردستانەوە نەبێت، یەك كریستیان لە عێراق نامێنێ، چونكە ھەموو ھەوڵێك بۆ ئەوە دەدرێت عێراق چۆڵ بكرێت لە كریستیانەكان و ناچاریان دەكەن بۆ ئەوەی كۆچ بكەن".
یەعقوب ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد: "راونانی كریستیانەكانی عێراق بە پیلان بەڕێوە دەچێت و چەندین وڵات و گرووپ كار بۆ ئەوە دەكەن كرستیانەكان عێراق بەجێی بێڵن، لەبەر ئەوە مەترسیی گەورە ھەیە بە تایبەتی لە بەغدا و شوێنەكانی دیكەی عێراق، بەوەی كە كریستیان ناچار بكرێن شوێنی خۆیان بەجێ بێڵن، لە كاتێكدا سەدان ساڵە لەسەر ئەو خاكە دەژین".
قائید میرۆ




