عەلی خەلیل: ھۆشداریمان داوەتە حەشدی شەعبی لە مووسڵ

هەولێر-KDP.info- بەرپرسێکی پارتی دیموکراتی کوردستان ئاشکرای کرد، لە بەرانبەر ھەندێ ڕەفتاریاندا ھۆشدارییان داوەتە ھێزەکانی حەشدی شەعبی لە مووسڵ و پەیوەست بە جووڵەی داعشیش گوتی، مەترسییەکی زۆر لای ھاووڵاتیانی مووسڵ پەیدا بووە و لەبەر جووڵەی چەکدارانی داعش خەڵک ڕوویان لە ئاوارەبوون کردووەتەوە.
عەلی خەلیل، بەرپرسی لقی ١٤ی پارتی لە مووسڵ، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ڕەوشی ئەمنیی نێوشار و دەوروبەری مووسڵ خراپە و ترسێک لای دانیشتووانی مووسڵ پەیدا بووە لەوەی کە ڕەوشەکە بگاتە قۆناغێکی مەترسیدارتر لەوەی ئێستا و، ئەوەش وای کردووە بەشێک لە ھاووڵاتیانی مووسڵ بیر لەوە دەکەنەوە جارێکی دیکە شوێنەکانیان بەجێ بێڵن و بەدوای ناوچەیەکی ئارامدا دەگەڕێن، ڕۆژانە ژمارەیەک خێزان چ لەنێو سەنتەری مووسڵ، یان ناوچەکانی دەوروبەری بەرەو سنوورەکانی ھەرێمی کوردستان دێن، چونکە دەزانن مەترسی لەسەر ژیانیان ھەیە."
بەرپرسەکەی پارتی دەشڵێت: "گرووپی تیرۆریستیی داعش لە مووسڵ گرووپی پێنج کەسی و حەوت کەسیی پێک ھێناوە و جووڵەیان زیاتر کردووە و تا دێت شانەکانیان زیاتر دەبن، ھۆکارەکەیشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە بۆشاییی ئەمنی پەیدا بووە و ھێزە ئەمنی و سەربازییەکانی عێراق ھیچ ھەماھەنگییان نییە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ڕەوشی ئەمنی."
لەبارەی ڕووداوەکەی حەفتەی ڕابردووەوە کە ھێزەکانی حەشدی شەعبی ڕێگرییان لە جێگری پارێزگاری مووسڵ کردبوو، عەلی خەلیل ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "ڕاستە حەفتەی ڕابردوو لە بازگەیەکی گەڕەکی گوگجەلیل میلیشیاکانی حەشدی شەعبی ڕەفتارێکی ناشیرینیان بەرانبەر بە جێگری پارێزگار و پەرلەمانتارێکی ئێمە کردبوو، دوێنێ ئێمە لەگەڵ پارێزگاری مووسڵ کۆ بووینەتەوە و لە ڕێگەی پارێزگارەوە ھۆشداریمان داوەتە ھێزەکانی حەشدی شەعبی کە ئاگاداری ڕەفتارەکانیان بن و لە ئەگەری دووبارەکردنەوەی ئەو ڕەفتارەدا، ھەڵوێستی توندمان دەبێت."




