٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

پسپۆڕێكی زانستی سەربازی: پەیامەکەی بەغدادی واتای گۆڕینی پلانی شەڕ بوو

سەرچاوە: KDP.info

دهۆک -KDP.info- پسپۆڕیكی سەربازی پێی وایە، هەڕەشەی ئەبووبەکر بەغدادی لە تۆمارە دەنگییەکەدا مانای گۆڕینی پلانی شەڕی دەوڵەتەکەی بوو و دەیەوێت لەم کات و وەرزەدا چەکدارەکانی داعش ئۆپەراسیۆن و هەڕەشە و کاری تیرۆریستی بکەن.

عەقید ڕوکن، مەروان مزیری، ماستەری زانستە سەربازییەکان، دەڵێت: "دوای گۆڕانی وەرزی گەرما بۆ وەرزی سەرما و زستان، ئەبووبەکر بەغدادی ئەم جارە بە تۆماری دەنگی دەیەوێ چەکدارەکانی بێنە سەرهێڵ و دەست بە ئۆپەراسیۆن بکەن."

ئەبووبەکر بەغدادی، خەلیفەی ڕێکخراوی داعش، لە تۆمارێکی دەنگیدا ‌هەڕەشە دەکات و داوا لە چەکدارەکانی دەکات لە شەڕکردن بەردەوام بن.

عەقید ڕوکن مەروان مزیری بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: "بەغدادی ئەم وەرزە بە هەستیاری بۆ خۆی دەقۆزێتەوە، چونکە دەزانێت دەرفەتی زیاتریان هەیە بۆ کاری تیرۆریستی و ئێستا شانەی نووستوویان هەیە."

پەیامەکەی بەغدادی ٣٠ خولەکە و ناوی چەند وڵاتیش دەهێنیت، ئەوانیش بریتین لە عێراق، سووریا، ئەفغانستان، سۆماڵ، تونس، لیبیا و یەمەن.

مزیری گوتیشی: "بەغدادی هەمیشە کار بۆ خۆدەرخستنەوە دەکات و دەیەوێت بزانێت هێشتا دەوڵەتەکەی ماوە، ناوبەناو بە تۆمارێکی دەنگی، یان بە گرتەڤیدیۆیەک هەڕەشە لە وڵاتان دەکات و هەمیشە ناوی وڵاتان دەهێنێت، بۆ ئەوەی بڵێت لەو وڵاتانەدا دەسەڵاتی هەیە."

ئەو ئاماژەی دا: "دەبێ هەرێمی کوردستان و حکوومەتی ناوەندیی عێراق بۆ هەموو جۆرە هەڕەشەیەک پلانیان هەبێت و هەماهەنگ بن، بەتایبەت ئەو ناوچانەی بۆشاییی ئەمنییان هەیە، چونکە هەندیك ناوچە هەیە، بۆشایییەکی گەورەیان هەیە."

هەر ئەمساڵ لە مانگی ٤یشدا ئەبووبەکر بەغدادی لە گرتەڤیدیۆیەکدا دەرکەوت و ڕایگەیاند، "شەڕی دەوڵەتی ئیسلامی، شەڕی مان و نەمانە" و، لەو گرتە ڤیدیۆیەدا ئەبووبەکر بەغدادی لە یەکەم جاری دەرکەوتنەکەی قەڵەوتر بوو، ڕیشی سوور بوو، ئەم جارەیان بە دانیشتنەوە قسەی دەکرد و هەندێک کەسی دەمامکدار و  چەکێکی AK-47 لە تەنیشتییەوە بوون.

کــاروان بــاعەدری

 

هەواڵی پەیوەندیدار