٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
مەکتەبی سياسی

فازل میرانی پێشوازی لە دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان کرد

سەرچاوە: KDP.info

پیرمام -KDP.info- لە بارەگای مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، فازل میرانی سکرتێری مەکتەبی سیاسیی پێشوازی لە دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان کرد، کە پێکهاتبوون لە د، رێواز فایەق سەرۆکی پەرلەمان و هێمن هەورامی جێگری سەرۆکی پەرلەمان و مونا قەهوەچی سکرتێری پەرلەمان.

لە دانیشتنێکدا کە ئازاد بەرواری و مەحموود محەمەد ئەندامانی مەکتەبی سیاسیی پارتی ئامادەی بوون، بە بۆنەی دووبارە دەست بەکاربوونیان فازل میرانی پیرۆزبایی لێکردن، میرانی ئاماژەی بەوەشدا کە ناوچەکە لە بەردەم گۆڕانکاری تازە و پێشهاتەکان دایە و دەبێ هەموومان یەک دەنگ و یەکڕیز بین لە پاراستن و بەرەوپێشبردنی دەستکەوتەکانی هەرێمی کوردستان، لە سەرووی هەموو ئەرکەکانی دیکەدا بێت و بە هەستکردن بە مەسوولییەت کار بکەین.
 
هەروەها میرانی دووپاتی کردەوە، کە پارتی دیموکراتی کوردستان بە هەموو توانایەک پاڵپشتی پەرلەمان و سەرۆکایەتی پەرلەمان دەکات، بۆ سەرکەوتن لە کارەکانیاندا و پارتی بە چاوی رێزەوە تەماشای کاری پەرلەمان  دەکات و تەئکیدیشی کردەوە، کە کاری هەرە گرینگ لەبەردەم پەرلەماندایە، ئەویش دەستووری هەرێمی کوردستانە و پارتی پاڵپشتی بەهێزە بۆ ئەوەی کوردستان ببێتە خاوەنی دەستوور.
 
لە لای خۆیەوە دکتۆر رێواز فایەق سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، سوپاسی مەکتەبی سیاسیی پارتی کرد بۆ رەخساندنی ئەم دیدارە و بە گەرمی پێشوازیکردنیان، سەرۆکی پەرلەمان تەئکیدی کردەوە، کە سەردانی سەرۆکایەتی پەرلەمان بۆ لای لایەنە سیاسییەکانی کوردستان بەردەوام دەبێت، کە لە سەرەتا سەردانیکردنی پارتی دیموکراتی کوردستان دەستی پێکردووە، کە کوتلەیەکی گەورەی ناو پەرلەمانە و ئەرکی پەرلەمانیش جێبەجێکردنی درووشمی حزبەکانە لە هەڵبژاردندا و، دەستووری هەرێم و یاسای چاکسازی و بەرزڕاگرتنی شکۆی پەرلەمانی کوردستان لە کارە هەرە لە پێشەکانی پەرلەمانن.
 
سەرۆکی پەرلەمان سوپاسی خۆی ئاڕاستەی سەرۆک مەسعوود بارزانی کرد، کە پاڵپشتێکی بەهێزە بۆ پەرلەمان و ئامۆژگارییەکانی جێگای رێز و تەقدیرە، دیسان سەرۆکی پەرلەمان دووپاتی کردەوە سەرۆکایەتی پەرلەمان پڕۆژەی هەر لایەنێک لە ناو پەرلەماندا بێت، یا لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان بنێرن بۆ پەرلەمان، کە لە خزمەتی گەلی کوردستاندا بێت، بە هەند وەردەگیرێ و کاری لەسەر دەکەن.
 
 

هەواڵی پەیوەندیدار