ناسر هەركی: داوا لە سەرۆكوەزیران كراوە لیژنەیەك بۆ لێكۆڵینەوە لە تەقاندنەوەی كۆگاكان پێك بهێنێت

بەغدا-KDP.info- ئەندامێكی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێ، تەقینەوەی كۆگاكانی چەك لەناو گەڕەكەكان، كارێكە قابیلی قبووڵ نییە، بۆیە وەك لیژنەی ئاسایش داوایەكی ڕاستەوخۆیان لە سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران كردووە، كە ئەم كۆگایانە بگوازێتەوە و لیژنەیەكیش بۆ لێكۆڵینەوە لە ڕووداوەكانی تەقاندنەوەی كۆگاكان پێك بهێنێت.
ناسر هەركی، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "هەڵگرتنی چەكی قورس لەناو گەڕەكەكانی نیشتەجێبووندا، كارێكی رێپێدراو نییە، بۆیە ئێمە وەك پەرلەمان لێكۆڵینەوەمان لەم بابەتە كردووە و داوایەكی ڕاستەوخۆمان لە سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران كردووە، كە ئەم كۆگایانە بگوازێتەوە دەرەوەی شارەكان و لیژنەیەكیش بۆ لێكۆڵینەوە لە ڕووداوەكانی تەقاندنەوەی كۆگاكان پێك بهێنێت، كە ئایا كێ لە پشت ئەم كارەوەیە" .
هەركی گوتیشی: "دەبێت چەك تەنیا لە دەست سوپا و هێزە ئەمنییەكاندا بێت و نابێت هیچ گرووپ و تاقمێك چەكی هەبێت و لە كوێ بیەوێت لەوێ كۆگایان بكات، چونكە مەترسیی زۆر بۆ سەر ژیانی خەڵك دروست دەكات".
رۆژی دوانزەی ئەم مانگە، كۆگایەكی گەورەی چەكی حەشدی شەعبی سووتا، كە كاردانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا، بەوەی كە چەك لە دەست گرووپەكانی حەشدی شەعبیدا ماوە، لە كاتێكدا سەرۆكوەزیرانی عێراق بریاری هەڵوەشاندنەوەی ئەم گرووپەی داوە.
هێدی كاكەیی




