دۆسكی: گفتوگۆ بۆ یەكلاكردنەوەی باڵیۆزانی عێراق بەردەوامە.. 12ـیان بەر كورد دەكەون

بەغدا-KDP.info- ئەندامێكی لیژنەی پەیوەندییەكانی دەرەوە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق گوتی، گفتوگۆ بۆ یەكلاكردنەوەی كاندیدانی باڵیۆزانی عێراق لە دەرەوەی وڵات لە نێوان ئەنجومەنی نوێنەران و حكوومەت بەردەوامە و ناكۆكی لەسەر مەرجی كاندیدان هەیە، بە تایبەت تەمەنی كاندیدەكان، بۆیە پێویستە تاوەكو كۆتایی ئەم مانگە ئەو پرسە یەكلا بكرێتەوە.
بەیار دۆسكی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند: "گفتوگۆكردن بۆ یەكلاكردنەوەی كاندیدی باڵیۆزەكانی عێراق لە دەرەوەی وڵات بەردەوامە و هێشتا نەگەیشتوونەتە رێككەوتنی كۆتایی، چونكە لە نێوان حكوومەت و ئەنجومەنی نوێنەران ناكۆكی لەسەر مەرجی كاندیدانی باڵیۆزەكان هەیە، بە تایبەت تەمەنی كاندیدەكان، لەبەر ئەوەی وەزارەتی دەرەوە داوای كردووە نابێت كاندیدەكان تەمەنیان لە 55 ساڵ گەورەتر بێت و ئێمەش پێمان گوتوون بەپێی یاسای خزمەتی دەرەوە، ماف بە خەڵك دەدرێت تا تەمەنی 63 ساڵی خۆیان بۆ ئەو پۆستانە كاندید بكەن".
دۆسكی گوتیشی: "گفتوگۆی بەردەوام دەكرێت بۆ ئەوەی تاوەكو كۆتایی ئەم مانگە ئەو پرسە یەكلا بكرێتەوە و كاندید بۆ سەرجەم باڵیۆزەكان دیاری بكرێن و دواتریش پەسەند بكرێن و دەستبەكار بن".
ئەندامەكەی لیژنەی پەیوەندییەكانی دەرەوە لە ئەنجومەنی نوێنەران باسی لەوەش كرد، لە كۆی 70 باڵیۆز، 12ـیان بەر كورد دەكەون و لەوانەش پشكی شێر بەر پارتی دیموكراتی كوردستان دەكەوێت، چونكە زۆرترین كورسیی پەرلەمانی هەیە.
بڵند ئیبراهیم




