٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

دانا شەهید جەزا: هێشتا وردەكاریی ئەنجامدانی پرۆسەی سەرژمێری رانەگەیەندراوە

سەرچاوە: KDP.info

بەغدا-KDP.info- سەرۆكوەزیرانی عێراق رایگەیاند، كۆتایی ساڵی ٢٠٢٠ سەرژمێریی گشی لە عێراق دەكرێت، ئەندامێكی ئەنجوومەنی نوێنەرانیش دەڵێ، جارێ وردەكاریی جێبەجێكردنی پرۆسەكە دیار نییە، بەڵكو تەنیا بودجەی بۆ دابین كراوە، ئەوەشی گوت، دەبێ ئەو شار و شارۆچكانەی كێشەیان لەسەرە، رێگەچارەیان بۆ بدۆزرێتەوە.

عادل عەبدولمەهدی، سەرۆكوەزیرانی عێراق رایگەیاند، كۆتایی ساڵی٢٠٢٠ سەرژمێریی گشتی لە عێراق دەكرێت و بۆ یەكەمجاریش پرۆسەكە بە شێوەی ئەلیكترۆنی دەبێت، ئەوەش لە كاتێكدایە كە ٣٠ ساڵ دەبێ پرۆسەی سەرژمێریكردن لە عێراقدا ئەنجام نەدراوە، دانا شەهید جەزا، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، لە لێدوانێكیدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی، لە یاسای بودجەی ٢٠١٩ میزانییە بۆ پرۆسەی ئەنجامدانی سەرژمێریی گشتیی عێراق تەرخان كراوە، كە دەبێت وەزارەتی پلاندانان تا كۆتایی ٢٠٢٠ پرۆسەكە ئەنجام بدات.

سەبارەت بەو ناوچانەی كێشەیان لەسەرە و چۆنییەتی ئەنجامدانی پرۆسەی سەرژمێریكردن، كە بە چ میكانیزمێك دەبێت، ئەندامەكەی ئەنجوومەنی نوێنەران لەسەر لیستی پارتی، ئاماژە بەوە دەدا، هەرچەندە بڕیارەكە گشتگیرە بۆ هەموو عێراق، بەڵام ماوەتەوە چەند پارێزگا و شارۆچكەیەكی وەك كەركووك و مووسڵ و دیالە و هەندێ پارێزگای دیكەش هەن، كە بارودۆخی ئەمنییان خراپە، پێویستیان بە جێبەجێكردنی ماددەی ١٤٠ـە، تا ئاسایی بكرێنەوە، ئەوكات سەرژمێرییان تێدا ئەنجام بدرێت.

دانای شەهید جەزا باس لەوەش دەكات، كە هێشتا وردەكاریی ئەنجامدانی پرۆسەكە رانەگەیەندراوە، جەختیشی لەوە كردەوە، دەبێ تایبەتمەندییەك بۆ ئەو شوێنانەی ماددەی ١٤٠ دەیانگرێتەوە هەبێت، نموونەیشی بە هەزاران خێزانی كورد هێنایەوە، كە لە كەركووكدا دەركراون، یانیش ناسنامەیان لە سەردەمی بەعسدا خراوەتە سەر شارەكانی دیكەی عێراق، جەختیشی لەوە كردەوە، كە دەبێ ئەو كێشانە چارە بكرێن.

ناوبراو بە پێویستیشی دەزانێت، بۆ چارەكردنی پرسی ناوچە جێناكۆكەكان، ئەوان وەك ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەران لە لایەك، لە لایەكی دیكەشەوە حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حزبە سیاسییەكان، لەسەر هێڵ بن لەگەڵ حكوومەتی عێراقدا.

 

خێڵان بەختیار

 

 

 

هەواڵی پەیوەندیدار