د. بەشیر: دەبێ بە زوویی لێپێچینەوە لەگەڵ ئەو كەسانە بكرێت كە بێڕێزییان بە كەسوكاری ئەنفالكراوان كرد

هەولێر-KDP.info- دكتۆر بەشیر خەلیل حەداد، جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، لە ھەمبەر ئەو بێڕێزییەی بەرانبەر كەسوكاری ئەنفالكراوەكان كراوە، هاتە دەنگ و لایەنە پەیوەندیدارەكانیش ئاگادار دەكاتەوە، دەبێ لە نزیكترین كاتدا لێپێچینەوە لەگەڵ ئەنجامدەرانی ئەو كارە نابەجێیە بكرێت، كە لە سەماوە بەرانبەر كەسوكاری ئەنفالكراوان كراوە.
دكتۆر بەشیر خەلیل حەداد، جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، لە پەیامێكیدا سەبارەت ڕووداوەكەی سەماوە، دەڵێت: "عێراقی دوای ٢٠٠٣، گەڕانەوەی عێراقە بۆ ھەموو گەلانی عێراق و دەوڵەتێكی فیدڕاڵ لەسەر بنەمای دەستووری عێراق دامەزراوە، كە بە بێ جیاوازیی ئایینی و ئیتنی ھەموو پێكھاتەكانی عێراق شەریكن. ھەر لەم دیدگایەشەوە ھەرچی زووترە لایەنە پەیوەندیدارەكان ئاگادار دەكەینەوە لێپێچینەوە لەگەڵ ئەنجامدەرانی ئەو كارە ناڕەوایە بكرێت".
د. بەشیر، لە بەشێكی دیكەی پەیامەكەیدا، تیشك دەخاتە سەر ئەو چەوسانەوەیەی كە لەسەر دەستی ڕژێمە یەك لە دوای یەكەكانی عێراق بەسەر گەلی كورددا ھاتووە و زۆربەی خاكی عێراق بە خوێنی ڕۆڵەكانی كورد سوور بووە و بیریشمان نەچێت كورد دەستێكی باڵای ھەبوو لە بنیادنانەوەی عێراقی نوێ، گەر ڕەوا نەبێت كوردانی عێراق ئازادانە بە ئاڵا پیرۆزەكەیانەوە بست بە بستی ئەم وڵاتە بە شوێن گۆڕە بەكۆمەڵەكانیاندا بگەڕێن، چ ڕەوایەتییەك ھەیە، بۆ پێكەوەژیان لە عێراقدا.
بە گوێرەی زانیارییەكان، جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، پەیوەندی كردووە بە ھەریەكە لە پارێزگاری سەماوە و وەزیری بەرگری، كە ھەرچی زووترە لێپێچینەوە لەو ئەفسەرانە بكەن و لە وەڵامەكەی ئاگادارمان بكەنەوە.
لە درێژەی قسەكانیدا، حەداد ئاماژە بە هەڵوێستی جوان و یەكگرتوویی سەرجەم فراكسیۆنە كوردستانییەكان دەكات و تیشك دەخاتە سەر بڕیاری سەرۆكایەتیی پەرلەمان بە پەیوەندیكردن بە سەرۆكوەزیران و وەزیری بەرگری بۆ لێكۆڵینەوە لە بابەتەكە، هەروەها راسپاردنی لیژنەی ئاسایش و بەرگری بۆ بەدواداچوون و، ئەم هەڵوێستەش بە ئەرێنی و گرنگ وەسف دەكات.




