"لایەنە سیاسییەکان و سەرۆکایەتیی پەرلەمان لەسەر هەڵبژاردنی پارێزگاکان کۆ دەبنەوە"

بەغدا-KDP.info- ئەندامێکی لیژنەی پارێزگاکان و هەرێمەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایگەیاند، لایەنە سیاسییەکانی عێراق و سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەردەوامن بۆ لێکتێگەیشتن لەسەر هەمووارکردنەوەی یاسای یەکەمی هەڵبژاردنی پارێزگاکان.
شێروان دووبەردانی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: "سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی نوێنەران و لایەنە سیاسییەکانی عێراق لەسەر هەمواری یەکەمی یاسای هەڵبژاردنی عێراق ئەم ئێوارەیە کۆ دەبنەوە بۆ ئەوەی بگەنە ڕێککەوتنی کۆتایی لەسەر بڕیاردانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان."
شێروان نایشاڕیتەوە، کە لایەنە شیعی و سوننەکان لەسەر شێوازەکە ناکۆکیی قووڵیان هەیە و ئەگەر ڕێککەوتن نەکرێت ڕەنگە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان دووا بخرێت."
گوتیشی: "لایەنەکان لە شێوازی بایۆمەتری و کێشەی کەرکووک و شێوازی سانتلیگۆیی و چەندین پرسی تر دەدوێن، چونکە ئەم پرسانە چارەنووسسازن و ناکۆکیی قووڵیان هەیە."
بڕیارە لە نیسانی ساڵی ٢٠٢٠دا هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق بەڕێوە بچێت و هەتا ئێستا دیار نییە کە ئاخۆ لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا بەڕێوە دەچێت، یان نا.
کـــاروان بـــاعەدری




