مەناف حەسەن: داوا لە دەنگدەرانی مووسڵ دەکەین لە بایۆمەتریدا بەشداری بکەن

مووسڵ-KDP.info- بەرپرسی ھەڵبژاردنەکانی پارتی لە مووسڵ ئاشکرای کرد، پڕۆسەی بایۆمەتریی دەنگدەران بۆ ئاوارەکانی مووسڵ درێژ کراوەتە تا ١٠ی مانگی داھاتوو. دەشڵێ، کەمترین ڕێژەی بەشداری لەنێو ئاوارەکان تۆمار کراوە و پێویستە ھەموو دەنگدەرێک ناوی خۆی تۆمار بکات، بەپێچەوانەوە مافی دەنگدانی نابێت.
مەناف حەسەن، بەرپرسی نووسینگەی ھەڵبژاردنەکانی پارتی لە مووسڵ، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "پڕۆسەی بایۆمەتری دەنگدەران بۆ ئاوارەکان درێژ کراوەتەوە تا ١٠ی مانگی ئابی داھاتوو، چونکە ژمارەیەکی زۆر کەمی ئاوارە بەشدارییان لە پڕۆسەی بایۆمەتریی دەنگدەراندا کردووە، چونکە ھەریەکێک لەوانە لە شوێنێک نیشتەجێ بووە، لەبەر ئەوەش، کۆمسیۆن ماوەی خۆتۆمارکردنی ئاوارەکانی درێژ کردووەتەوە، ئێمە پێشبینی دەکەین دوای ئەو ڕێکەوتەش، دیسان ماوەکە درێژ بکرێـتەوە."
بەرپرسی ھەڵبژاردنەکانی پارتی لە مووسڵ دەڵێت: "بەپێی ئاماری بەردەست ٢٣٥ ھەزار دەنگدەری پارێزگای نەینەوا لە سنووری پارێزگای دھۆک جێگیر بوونە و لەو ژمارەیە تەنیا ٧٠ ھەزار دەنگدەر ناوی خۆیان تۆمار کردووە، ھەروەھا لە سنووری پارێزگای ھەولێر ٢٩٦ ھەزار دەنگدەری مووسڵ و ھەموو پارێزگاکانی دیکەی عێراقی تێدایە و تەنیا پەنجا ھەزار دەنگدەر بەشداریی پڕۆسەی بایۆمەتریی دەنگدانیان کردووە."
مەناف حەسەن ڕوونی کردەوە: "لە مووسڵ خەڵکی زیاتر بەشداریی پڕۆسەی بایۆمەتری دەکەن، چونکە لە فەرمانگەکانی حکوومەت مامەڵەی ھاووڵاتییان ڕایی ناکرێت ئەگەر بێت و بەشدارییان لە بایۆمەتریدا نەکردبێت، لەبەر ئەوە پێویستە کۆمسیۆن ڕێگای دیکە بگرێتە بەر بۆ ئەوەی زۆرترین ڕێژەی ھاووڵاتییان بەشداری لە بایۆمەتریدا بکەن، ئێمە وەک پارتی ھانی ھاووڵاتییان دەدەین ھەرچی زووە سەردانی بنکەکانی کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکانی عێراق بکەن و بەشداری لە بایۆمەتریدا بکەن، چونکە بەشدارینەکردنیان بێبەشیان دەکات لە دەنگدانی داھاتوو."
لەبارەی بڕیاری کۆمسیۆن بۆ درێژکردنەوەی ماوەی خۆتۆمارکردن مەناف حەسەن گوتی: "ئێمەش تێبینی ئەوەمان کردووە و داواش لە کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکانی عێراق دەکەین کار بۆ ئەوە بکرێت ماوەیەکی زیاتر بدرێت بە دەنگدەران تا خۆیان تۆمار بکەن، درێژنەکردنەوەی ماوەی خۆتۆمارکردن دەبێتە ھۆی بێبەشبوونی سەدان ھەزار دەنگدەری عێراقی لە پرۆسەی ھەڵبژاردنەکاندا."
قائید میرۆ




