عەبدولڕەحمان ئاپۆ: چارەسەری نێودەوڵەتی بۆ رەوشی سووریا ئامادەیە

رۆژئاوای كوردستان-KDP.info- بڕیارە لە سەرەتای مانگی داھاتوودا گەڕێكی دیكەی كۆبوونەوەكانی ئاستانا لە شاری ئاستانای كازاخستان بەڕێوە بچێت و بۆ یەكەم جاریش عێراق بەشدار دەبێت، سەركردەیەكی ئەنەكەسەش دەڵێ، چارەسەر بۆ رەوشی سووریا ئامادەیە و كوردیش رۆڵی لە كۆبوونەوەی داھاتووی ئاستانادا دەبێت.
عەبدولڕەحمان ئاپۆ، سەركردە لە ئەنجوومەنی نیشتیمانیی كورد لە سووریا "ئەنەكەسە"، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "ھەموو ئەو كۆبوونەوانەی لە جنێف و سوچی و ئاستانا بەڕێوە دەچن، بۆ چارەسەركردنی رەوشی سووریایە، كۆبوونەوەكانی جنێف و سوچیش وەستاون لە ئێستادا و ئەوەی ماوە تەنیا كۆبوونەوەكانی ئاستانان، چونكە چارەسەرییەك ھەیە بۆ رەوشی سووریا، ئەو چارەسەرییە ئامادەیە و بە گوێرەی بڕیاری نێودەوڵەتی كەی جێبەجێ دەكرێت، ئەوە پەیوەستە بە ھەوڵەكانی تایبەت بە ئاساییكردنەوەی رەوشی سووریا، بەڵام چەند ھەنگاوێكە و ھەر جارە و كارئاسانی بۆ ھەنگاوی زیاتر دەكرێت".
سەركردەی ئەنەكەسە دەڵێت: "پلانەكە ئامادەیە لەبارەی رەوشی سووریا، دەمەوێ بڵێم جێبەجێكردنی لە دەست ئەمەریكا و رووسیایە و ئەوان بڕیار دەدەن لەبارەی جێبەجێكردنییەوە".
ئاپۆ روونیشی كردەوە: "كورد لە كۆبوونەوەی داھاتووی ئاستانا لە سەرەتای مانگی دابێ بەشدار دەبێت، بێگومانیش رۆڵی دەبێت لە پاشەڕۆژی سووریا، لەبەر ئەوەی بڕیاری نێودەوڵەتی ھەیە لەسەر چونیەتیی بەڕێوەبردنی سووریا، بە گوێرەی بڕیاری نێودەوڵەتی رەوشی گەلانی سووریا بە گشتی بەرەو باشتر دەچێت و چارەسەر بۆ كێشەكانیان ھەیە، لەوانەش چارەسەر بۆ كێشەی كورد لە سووریا ئامادەیە".
قائید میرۆ




