٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

جێگری سەرۆكوەزیران لەگەڵ پارێزگاری موسەننا كۆ بووەوە

سەرچاوە: KDP.info

بەغدا-KDP.info-  د. فوئاد حوسێن، جێگری سەرۆكوەزیران بۆ كاروباری ئابووری – وەزیری دارایی، لە دیوانی وەزارەت لە بەغدا پێشوازیی لە بەڕێز ئەحمەد مەنفی جەودە، پارێزگاری موسەننا و شاندی یاوەری كرد.

لە بەردەوامیی جێبەجێكردنی پلانی حكوومەت بۆ جێبەجێكردنی پلانەكانی بەهەماهەنگیكردن لەگەڵ حكوومەتە خۆجێیەكان و دووركەوتنەوە لە مەركەزیەتی بڕیاردان لە بواری دارایی و گواستنەوەی دەسەڵاتەكان بۆ ئەو حكوومەتانە و پێشكەشكردنی باشترین خزمەتگوزاری بۆیان، ئەمڕۆ 4/7/2019، د. فوئاد حوسێن، جێگری سەرۆكوەزیران بۆ كاروباری ئابووری – وەزیری دارایی، لە دیوانی وەزارەت لە بەغدا پێشوازیی لە بەڕێز ئەحمەد مەنفی جەودە، پارێزگاری موسەننا و شاندی یاوەری كرد.

لە دیدارەكەدا كە بەڕێوەبەرانی گشتیی بودجە و ژمێریاریی وەزارەتی دارایی ئامادەی بوون، پارێزگاری موسەننا ڕوونكردنەوەیەكی وردی لەبارەی بارودۆخی دارایی و ئابووریی پارێزگاکەیەوە پێشكەش كرد و ئاماژەی بۆ ئەوە كرد كە كەمیی پرۆژە خزمەتگوزارییەكان گەورەترین كێشەی ئەو پارێزگایەیە.

هەر لەو کۆبوونەوەیەدا گفتوگۆ لەبارەی گۆڕینی شێوازی كاركردنی كرێكاری ڕۆژانە بۆ گرێبەست و قۆرخكردنی ژمارەیەك لە زەوی و خانووبەرەی سەردەمی ڕژێمی پێشوو لە لایەن هەندێك لایەنی نافەرمییەوە كرا. لەوبارەیەوە پارێزگاری موسەننا داوای كرد ئەو شوێنانە بچنە ژێر دەسەڵاتی پارێزگا و لەو ڕێگەیەوە زۆرترین خزمەت پێشكەشی خەڵكی پارێزگا بكرێت.

بەڕێز، جێگری سەرۆكوەزیران، پاڵپشتیی خۆی بۆ ئەو داواكارییانە نیشان دا و هەردوو فەرمانگەی بودجە و ژمێریاریی ڕاسپارد لە پەیوەندیی بەردەوامدا بن لەگەڵ پارێزگار بۆ پێشكەشكردنی زۆرترین خزمەتگوزاری بۆ هاووڵاتییان.

 

هەواڵی پەیوەندیدار