٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

د. بەشیر: نابێ هیچ هێزێك لە دەرەوەی دەستوور و یاسا دروست بكرێت

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایدەگەیەنێت، لە ئاییندەیەكی نزیكدا كێشەی ناوچە كوردستانییەكان چارەسەر دەكرێت، بۆ ئەم مەبەستەش بەغدا لیژنەیەكی پێك هێناوە. دەشڵێ، نابێ لە دەرەوەی دەستوور و یاسا، هیچ هێزێك دروست بكرێت.

د. بەشیر حەداد، لە میانی دیدارێكیدا لەگەڵ رۆژنامەنووسان، داوای لە هێزە بیانییەكانی عێراق و هەرێمی كوردستان كرد، كێشە بۆ هەولێر و بەغدا دروست نەكەن و رەچاوی دۆخی ناوچەكە بكەن، چونكە ناوبراو پێی وایە،‌ عێراق و هەرێمی كوردستان بەرگەی شەڕ و ناخۆشی ناگرن و ناشبێ لە دەرەوەی دەستوور و یاسا، هیچ هێزێك دروست بكرێت.

هاوكات باوەڕیشی وایە، سەقامگیریی ناوچە كوردستانییەكان پێویستی بە گەڕانەوەی هێزی پێشمەرگە و هەماهەنگی لەگەڵ هێزەكانی عێراق هەیە، چونكە بەغدا بە تەنیا ناتوانێت كێشەی ئەو ناوچانە چارەسەر بكات.

جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ڕاشیگەیاند، لیژنەیەك‌ لە بەغدا بۆ چارەسەركردنی پرسی ناوچە كوردستانییەكان بە چاودێریی نەتەوەیەكگرتووەكان پێك هێندراوە و چەندین كۆبوونەوەشی ئەنجام داوە، بۆیە چاوەڕوان دەكرێت لە ئاییندەیەكی نزیكدا كێشەی ئەو ناوچانە چارەسەر بكرێت.

 

هەڵكەوت محەمەد

هەواڵی پەیوەندیدار