ناسر هەركی: تا ئێستا هیچ لایەنێكی شیعە بە ئاشكرا دژی هەڵوەشاندنەوەی حەشد نییە

بەغدا-KDP.info- ئەندامێكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایدەگەیەنێت، تا ئێستا هیچ لایەنێك بە ئاشكرا دژایەتیی بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی میلیشیاكانی حەشدی نەكردووە. دەشڵێ، جارێ بڕیارە و وادەی جێبەجێكردنی دیاری نەكراوە.
دوای ئەوەی لە چەند رۆژی رابردوودا عادل عەبدولمەهدی سەرۆكوەزیرانی عێراق، بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی میلیشیاكانی حەشدی شەعبی دەكرد، كە تێكەڵ بكرێنەوە لەگەڵ سوپا، چەند سەركردەیەكی شیعەی خاوەن میلیشیا، خۆشحاڵیی خۆیان بۆ بڕیارەكە پیشان دا.
ناسر هەركی، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، لە لێدوانێكیدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، رایگەیاند، كە تا ئێستا هیچ كەس و لایەنێكی شیعە بە راشكاوی و ئاشكرا ناڕەزایەتیی خۆی لە هەمبەر هەڵوەشاندنەوەی میلیشیا شیعەكان و تێكەڵكردنەوەیان لەگەڵ سوپا دەرنەبڕیوە، لەوانەشە لە داهاتوودا دەنگی ناڕازی دەربكەوێت، كە هەرچەندە بڕیاری هەڵوەشاندنەوە و تێكەڵكردنیان لەگەڵ سوپا لە بەرژەوەندیی ئەواندایە، تەنیا ئەوەیە، كە ئەو دەستەڵاتە رەهایەی ئێستا هەیانە، نایانمێنێ.
هەندێك لە گرووپە میلیشیاكانی حەشدی شەعبی، لە لایەن ئەمەریكاوە خرابوونە لیستی تیرۆرەوە، بە پێی ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز بێ، كە بڵاوی كردووەتەوە، مایك پۆمپیۆ لە دوایین سەردانیدا بۆ عێراق، بە عادل عەبدولمەهدی راگەیاندووە، ئەگەر چەكدارانی حەشدی شەعبی هەڵنەوەشێنێتەوە، ئەوا واشنتن ناچار دەبێت هێرشیان بكاتە سەر. هەركی پێیوایە، كاتێ سیاسەت دەكەیت، هەموو جۆرە جووڵە و بڕیارێك ئەنجام دەدەیت، كە ئەو بڕیارەش بە لای ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی نوێنەران لەسەر لیستی پارتی، بەشێكە لە دەربازكردنی ئەو میلیشیایانەی كە لە لایەن ئەمەریكاوە خرابوونە نێو لیستی تیرۆرەوە، جەختیش لەوە دەكاتەوە، كە تێكەڵكردنەوەیان لەگەڵ سوپا، بە هەموو شێوەیەك لە بەرژەوەندیی گشتیدایە.
ناسر هەركی روونیشی كردەوە، كە هەڵوەشاندنەوە و تێكەڵكردنەوەی میلیشیاكانی حەشد، تا ئێستا بڕیارە و نەچووەتەوە بواری جێبەجێكردنەوە و هیچ سەقفێكی زەمەنیش دیاری نەكراوە، كە رەنگە لە داهاتوودا دیاری بكرێت، ئەوكات ئەوانیش وەك ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەران ئاگاداری وردەكارییەكانی دەبن.
حەشدی شەعبی لە ١٥ی حوزەیرانی ٢٠١٤ و بە فتوای عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای شیعەكانی عێراق دامەزرێندرا، كە بەشداری لە شەڕەكانی دژ بە داعش دەكرد، حەشدی شەعبی لە ٦٧ گرووپ پێكدێت و ژمارەی چەكدارانی بە ١٢٠ هەزار كەس دەخەمڵێندرێت.
خێڵان بەختیار




