پەرلەمانتارێکی پارتی: لەبارەی پڕۆژەیاسای دادگای فیدڕاڵییەوە ڕێک کەوتووین

بەغدا-KDP.info- پەرلەمانی عێراق داوای خوێندنەوەی پڕۆژەیاسای دادگای فیدڕاڵیی کرد و پەرلەمانتارێکی پارتییش دەڵێ، داواکاری ئێمە لەنێو پڕۆژە ھەموارەکەدا جێگیر کراوە و لە ڕۆژانی داھاتوو دەنگ لەسەر پڕۆژەیاساکە دەدرێت.
ھەدار بارزانی، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "پەرلەمانی عێراق دوواین خوێندنەوەی بۆ ھەمواری پڕۆژەیاسای دادگای فیدڕاڵی کردووە و بڕیارە ڕۆژانی دابێت دەنگ لەسەر پڕۆژەکە بدرێت، چونکە ھەموو کاروبارەکان کۆتایییان ھاتووە و ڕەوانەی لیژنە پەیوەندیدارەکانی پەرلەمان کراون، ئێمەش پێشنیارەکانی خۆمان، چ وەک فراکسیۆنە کوردییەکان و چ وەک فراکسیۆنی پارتی ڕادەستی لیژنەکان کردووە."
ئەو پەرلەمانتارە دەڵێت: "داواکاریی ئێمە لەنێو پڕۆژەیاسای دادگای فیدڕاڵیدا جێگیر کراون، ئەگەر بەو شێوەیەی لەسەری ڕێک کەوتووین پەسەند بکرێت، سێ دادوەری کوردە لە دەستەی دادوەرانی دادگای باڵای فیدڕاڵیدا دادەنرێن و، دادوەرێکی کریستیانیش ھەر لەسەر پشکی ھەرێمی کوردستان دادەنێرێت و، بەو شێوەیە دەبنە چوار دادوەر."
ھەدار بارزانی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "یەکێک لەو خاڵانەی فراکسیۆنە کوردستانییەکان پێداگرییان لەسەر دەکرد ھەبوونێ سێ شارەزای ئایینی لە دادگای فیدڕاڵیدایە، چونکە جگە لە دەستەی دادوەران کەسانی ئایینیش دەبنە ئەندام. لەبەر ئەوە، ئێمە پێداگریی ئەوەمان کردووە کە دەبێ سێ کەس بن، شیعەیەک و سوننەیەک و کوردێک، ئەوە چارەسەرێکی گونجاوە بۆ دادگای فیدڕاڵی، لەبەر ئەوەی پێویستە ھاوسەنگی ھەبێت تا لایەنگری بۆ ھیچ پێکھاتە و لایەنێک نەکرێت."
قائید میرۆ




