٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

د. فوئاد سەرپەرشتیی كۆبوونەوەی ئامادەكردنی بودجەی گشتی بۆ ساڵانی ٢٠٢٠-٢٠٢٢ كرد

سەرچاوە: KDP.info

بەغدا-KDP.info- جێگری سەرۆكوەزیرانی عێراق بۆ كاروباری ئابووری، سەرپەرشتیی كۆبوونەوەی دەیەمی ئامادەكردنی سراتیژی بودجەی گشتیی دەوڵەت بۆ ساڵانی ٢٠٢٠-٢٠٢٢ كرد و، جەختیشی لە گرنگیی گۆڕینی ئابووریی دارایی بۆ ئابووریی ئەلیكترۆنی و بەئەلیكترۆنیكردنی دەزگاكانی كشتوكاڵ و پیشەسازی و پێشخستنی دەزگا تەندروستی و پەروەردەییەكان و نەهێشتنی گەندەڵی كردەوە.

د. فوئاد حوسێن، جێگری سەرۆكوەزیران بۆ كاروباری ئابووری– وەزیری دارایی، لە دیوانی وەزارەت، سەرۆكایەتیی دەیەمین كۆبوونەوەی ئامادەكردنی ستراتیژی بودجەی گشتیی دەوڵەتی بۆ ساڵی ٢٠٢٠-٢٠٢٢  كرد.

بە پێی راگەیەندراوێكی نووسینگەی جێگری سەرۆكوەزیرانی عێراق بۆ كاروباری ئابووری، كە بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان نێردراوە، هاتووە، لەو كۆبوونەوە فراوانەدا، كە ژمارەیەك لە ئەندامانی لیژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەران و بریكارانی وەزارەتی دارایی و وەزارەتی تەندرووستی و، راوێژكاری جێگری سەرۆكوەزیران بۆ كاروباری ئابووری و، ژمارەیەك لە بەڕێوەبەرانی گشتیی وەزارەتی پلاندانان و ناوخۆ و پیشەسازی و كارەبا و، تەندروستی و پارێزگاكان و نوێنەرانی هەرێمی كوردستان ئامادەی بوون، باس لە دیدی وەزارەت و پلانەكانی بۆ ئامادەكردنی ستراتیژی بودجە كرا، لەوانەش:

دەستكردن بە پێشكەشكردنی پڕۆژەی وەبەرهێنانی بۆ وەزارەت و پارێزگاكان، لە كاتی پێشكەشكردنی بودجەی گشتی دوای پەسەندكردنی پلانی ستراتیژی بۆ گەرەنتیكردنی دەستپێكردنی خێرا بۆ پرۆژەكان و، دوانەكەوتنیان لە كاتی پەسندكردنی بودجە و گۆڕینی شێوازی بودجە بۆ بودجەی پلان و بەرنامە بە چەندین قۆناغ بۆ زامنكردنی ئەنجامی پۆزەتیڤی پرۆژەكان و، پێشكەشكردنی خزمەت بۆ هاووڵاتیان لە رێگەی پلانی گەشەپێدانی نیشتیمانی ٢٠١٨-٢٠٢٢، بەپێی بەرنامەی حكوومەت و دەستنیشانكردنی بنەماكانی پلانی ئابووری و پاراستنی كوالێتی پڕۆژەكان بۆ سوودوەرگرتنی هاووڵاتیان لێیان و، پێدانی رۆڵی زیاتر بە پارێزگاكان بۆ ئیدارەدانی داهاتەكانیان و دانانی پێوەرێك بۆ هەڵسەنگاندنی هەموو پرۆسەكان بە گشتی.

لە راگەیەندراوەكەدا ئەوەش خراوەتە ڕوو، كە هەر لەو كۆبوونەوەیەدا باس لە دیدی وەزارەتی تەندروستی بۆ چاكسازی لە سیستەمی تەندروستی كراوە، ئەویش لەسەر بنەمای ستراتیژی بودجە بە بەرزكردنەوەی ئاستی خزمەتگوزاریی تەندروستی و چاودێریی كۆمەڵایەتیی هاووڵاتیان و، زیاتربوونی توانا و ئاستی خزمەتگوزاریی تەندروستیی گشتی و تایبەت و، دابینكردنی خزمەتگوزاریی ئاسایشی تەندروستی و هێنانی باشترین كادیری پزیشكی بۆ نەخۆشخانەكان و، دانانی پلانی تۆكمە بۆ دووبارە بونیادنانەوەی ژێرخانی تەندروستی، بە پێدانی ئەولەویەت بۆ ئەو پارێزگایانەی كه‌ به‌ ڕێژەیەكی زۆر لە خزمەتگوزارییەكان بێبەش بوون.

هاتووشە، كە هەر لە كۆبوونەوەكەدا فەرمانگەی ئابووریی وەزارەتی دارایی دیدی خۆی لەبارەی پێشكەشكردنی بودجە و پاڵپشتیكردنی داهاتی دیكە بۆ ئابووریی وڵات، كە خۆیان لە باج و داهاتی گومرگ و ناوچەكانی بازرگانیی ئازاد و ئەو ڕێوشوێنانەی داهات دێنێتە دی و، پاڵپشتیی بودجەی دەوڵەت دەكات، ئەمە جگە لە بەرزكردنەوەی رێژەی داهاتی نەوت بۆ دەرماڵەی وەبەرهێنان.

لە كۆتایی كۆبوونەوەكەدا، د. فوئاد جەختی لە گرنگیی گۆڕینی ئابووریی دارایی بۆ ئابووریی ئەلیكترۆنی و بەئەلیكترۆنیكردنی دەزگاكانی كشتوكاڵ و پیشەسازی و پێشخستنی دەزگا تەندروستی و پەروەردەییەكان و نەهێشتنی گەندەڵیی ئیداری و دارایی كردووەتەوە.

 

خێڵان بەختیار

هەواڵی پەیوەندیدار