ھەڵبژاردنی دووبارەی شارەوانی ئیستانبوڵ بەڕێوەدەچێت

ئیستانبوڵ-KDP.info- لە كاتژمێر ھەشتی بەیانی ئەمڕۆوە ھەڵبژاردنی دووبارەی شارەوانی ئیستانبوڵ دەستیپێكردووە و 10 ملیۆن و 560 ھەزار و 963 كەس مافی دەنگدانیان ھەیە و روو دەكەنە سەر سندووقەكانی دەنگدان.
ئهمڕۆ یهكشهممه، دانیشتووانی ئیستانبوڵ، چارەنووسی ھەریەك لە ئاكپارتی و جەھەپە یەكلا دەكەنەوە و دەنگ بە ھەریەك لە بنالی یڵدرم، كاندیدی ئاكپارتی و ئەكرەم ئیمامئۆغڵو، كاندیدی جەھەپە دەدەن. براوەی ئەم ھەڵبژاردنە بۆ پێنج ساڵی داھاتوو دەبێتە سەرۆكی شارەوانی گەورەی ئیستانبوڵ. ھەروەھا پارتی سەعادەت و پارتی وەتەنیش كاندیدیان بۆ ھەڵبژاردنەكە ھەیە، بەڵام ھەدەپە ھیچ كاندیدێكی نییە و بە فەرمی رایانگەیاندووە، لە پێناو شكستپێھێنانی كاندیدی ھاوپەیمانێتییەكەی ئاكپارتی و مەھەپە، پشتگیری لە كاندیدی جەھەپە دەكەن.
31 ھەزار و 124 سندوق بۆ دەنگدانی ئەمڕۆ ئامادە كراون، ھێزە ئەمنییەكان رێوشوێنی توندیان گرتووەتە بەر لەپێناو پاراستنی ئاسایشی ھەڵبژاردنەكەوە.
لە 31/3/2019 ھەڵبژاردنی شارەوانییەكان لە سەرتاسەری توركیا بەڕێوەچوو، بۆ شارەوانی ئیستانبوڵ جیاوازی نێوان یڵدرم و ئیمامئۆغڵو، نزیكەی 13 ھەزار دەنگ بوو، دواتر لەسەر تانەی ئاكپارتی كۆمسیۆنی ھەڵبژاردنەكانی توركیا بڕیاری دووبارەكردنەوەی ھەڵبژاردنی دا.




