٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

ئەنجوومەنی نوێنەران بۆ دەنگدان بە تەواوكردنی كابینەی حكوومەت كۆدەبێتەوە

سەرچاوە: KDP.info

بەغدا-KDP.info- پەرلەمانتارێكی كورد لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایدەگەینێت، ئەمڕۆ شەممە دانیشتنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەڕێوە دەچێت و یەكێك لە بەرنامەی كاری دانیشتنەكەش، دەنگدان دەبێت لەسەر تەواوكردنی كابینەی حكوومەت و پڕكردنەوەی ئەو پۆستانەی بە وەكالەت بەڕێوە دەبرێن.

دانای شەهید جەزا، بە‌ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی گوت: "ئەمڕۆ شەممە دانیشتنی ژمارە (25)ی ئەنجوومەنی نوێنەران بەڕێوە دەچێت، كە چەند بڕگەیەكی لەخۆ گرتووە و لە دەستپێكی كارنامەی دانیشتنەكەشدا بڕیارە دەنگ بە تەواوكردنی كابینەی حكوومەت بدرێت و ئەو پۆستانەشی كە تایبەتن و بە وەكالەت بەڕێوە دەبرێن، پڕ بكرێنەوە."

وەك ئەو پەڕلەمانتارە كوردە ئاماژەی دا: "چاوەڕوانین سەرۆكوەزیران ناوی كاندیدانی پۆستی ئەو وەزارەتانەی ماون، ئەمڕۆ پێشكەشی سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی نوێنەرانی بكات، بۆ ئەوەی دەنگیان بۆ بدرێت، چونكە كاتی كەم ماوە و ئەگەر ئەمڕۆش ناوەكان پێشكەش نەكات، ئەوا دەبێت لە چەند رۆژی داهاتوودا پێشكەشیان بكات".

دانا جەزا دەشڵێت: "فشاری زۆر لەسەر سەرۆكوەزیران هەیە لەلایەن لایەنە سیاسییەكانەوە بۆ تەواوكردنی حكوومەت، هەرچەندە لە رووی یاساییەوە حكوومەت كێشەی نییە، چونكە 50+1ی وەزارەتەكان پڕ كراونەتەوە، بەڵام ململانێ لە نێوان لایەنەكاندا هەیە لەسەر پۆستەكان، سەرۆكوەزیران یش دەرفەتی داوەتە لایەنەكان كە لە نێوان خۆیاندا لەسەر پۆستەكان رێكبكەون، ئەگەر رێكیش نەكەون، ئەوا خۆی كاندید بۆ پۆستەكان پێشكەش بە ئەنجوومەنی نوێنەران دەكات بۆ تەواوكردنی كابینەكەی".

دوای تێپەڕبوونی ماوەیەكی زۆر بەسەر پێكهێنانی كابینەی حكوومەتی عێراقدا، تاوەكو ئێستا چوار وەزارەت بە وەكالەت بەڕێوە دەبرێن، كە بریتین لە وەزارەتەكانی: بەرگری، ناوخۆ، داد و پەروەردە.

 

نەشوان بەرزنجی

 

 

هەواڵی پەیوەندیدار