د. مەیادە بۆ KDP: كورد بە مەرج دەنگ بە پڕۆژەیاسای دادگای باڵای فیدڕاڵیی عێراق دەدات

بەغدا-KDP.info- ئەندامێكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، كورد بە مەرج دەنگ بە پڕۆژەیاسای دادگای باڵای فیدڕاڵیی عێراق دەدات، جگە لەوەش كاری جیددی دەكەین بۆ ئەوەی ژمارەی ئەندامانی دادگاكە سنوردار بێت.
د. مەیادە نەجاڕ، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە فڕاكسیۆنی پارتی، بە ماڵپەڕی فەرمی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "ئەگەر پڕۆژەیاسای دادگای باڵای فیدڕاڵیی عێراق رۆژی 22ی ئەم مانگە خوێندنەوەی بۆ بكرێت، ئەوا ئێمە وەك كورد بە مەرج دەنگی پێ دەدەین، مەرجەكەش ئەوەیە كە دەبێت ژمارەی ئەندامانی كورد دیاریكراو بێت لەو (13) كەسەی كە بڕیارە ببنە ئەندامی دادگاكە، بۆ ئەوەی هاوسەنگی پارێزراو بێت و دادگاكەش لە داهاتوودا سەربەخۆبێت و نەكەوێتە ژێر كاریگەریی هیچ پارت و لایەنێكەوە".
نەجاڕ راشیگەیاند: "بڕیارە چوار كەس وەك نوێنەری فقهی ئایینی ببنە ئەندامی دادگا، بۆ ئەوەش ئێمە كاری جیددی دەكەین كە ئەم ژمارەیە كەم بكرێتەوە و لەبری ئەوە ژمارەی شارەزایانی یاسایی زیاتر بكرێت".
هێدی كاكەیی




