٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

د. فوئاد سەرۆكایەتیی حەوتەمین كۆبوونەوەی ئامادەكردنی بودجەی گشتی بۆ 2020-2022 كرد

سەرچاوە: KDP.info

بەغدا-KDP.info- بەپێی ڕاگەیەندراوێكی نووسینگەی جێگری سەرۆكوەزیران بۆ كاروباری ئابووری - وەزیری دارایی، د. فوئاد حوسێن، سەرۆكایەتیی حەوتەمین كۆبوونەوەی ئامادەكردنی ستراتیژی بودجەی گشتیی دەوڵەتی بۆ ساڵانی 2020-2022 كردووە.

لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە، د. فوئاد حوسێن، جێگری سەرۆكوەزیران بۆ كاروباری ئابووری – وەزیری دارایی، لە تەلاری وەزارەت لە بەغدا سەرۆكایەتیی حەوتەمین كۆبوونەوەی فراوانی ئامادەكردنی ستراتیژی بودجەی گشتی دەوڵەت كرد بۆ ساڵانی 2020-2022.

روونیش كراوەتەوە، لەم كۆبوونەوەیەدا كە ژمارەیەك لە ئەندامانی لیژنەی خوێندنی باڵا لە ئەنجوومەنی نوێنەران و ژمارەیەك لە ئەندامانی دەستەی راوێژكاری و بریكاری وەزارەتی دارایی ئامادەی بوون، گفتوگۆ لەبارەی دید و پلانەكانی داهاتووی پەیوەست بە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی كرا.

هاوكات باس لە چوونی زانكۆكانی عیراق كرا بۆ نێو پۆلێنكردنە نێودەوڵەتییەكان وەكو ئامانج و ئاماژەیەك بۆ بەرزبوونەوەی ئاستی خوێندنی باڵا و هاندانی وەبەرهێنان لە فراوانكردنی كۆلێژە حكوومییەكان و بەرزكردنەوەی ئاستی زانستی و ئەكادیمییان و هاندان بۆ دامەزراندنی زانكۆی ئەهلی بە پێوەر و ئاستی بەرز و دامەزراندنی هاوبەشی جیهانی و پاڵپشتیكردنی زانكۆكان بە ئاستی زانستی و هێنانەدیی هاوسەنگی لە نێوان سیاسەتی وەرگرتنی ناوەندی و پێداویستییەكانی بازاڕی كار.

هەر بەپێی راگەیەندراوەكە، تیشك خراوەتە سەر ئامانجەكانی داهاتووی ستراتیژی وەزارەتی پەروەردە كە خۆی لە ئامادەكردنی پلانی پەروەردەیی تۆكمە و بەدواداچوونی جێبەجێكردنی و كردنەوەی خانەی منداڵان و قوتابخانە بە قۆناغە جیاوازەكان و بە هەموو جۆرەكانیانەوە و ئامادەكردنی پرۆگرامی خوێندن بۆ قۆناغە جیاجیاكان و دابینكردنی باڵەخانەی تایبەت و بنیاتنانەوەیان و بەردەوامیپێكردنیان و بەهێزكردنی پەیوەندیی پەروەردەیی و رۆشنبیری لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی و بیانی و دامەزراندنی پەیمانگا و سەنتەری فێربوون و دابینكردنی پێداویستییەكانیان و زیاتركردنی دەرماڵە داراییەكان بۆ ئامادەكردنی قوتابخانەكان.

شیاوی باسە، لەم كۆبوونەوەیەدا ژمارەیەك لە بەڕێوەبەرانی گشتیی وەزارەتی دارایی و وەزارەتەكانی دیكە و پارێزگاكان ئامادە بوون.

هەواڵی پەیوەندیدار