٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

هەدار بارزانی: گۆڕانکاری لە ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکاندا دەکرێت

سەرچاوە: KDP.info

بەغدا-KDP.info- پەرلەمانی عێراق دوای دوو مانگ توانی خوێندنەوەی دووەم بۆ پڕۆژەیاسای ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی عێراق بكات، پەرلەمانتارێكی پارتیش دەڵێ، بەپێی ھەموارەكە، گۆڕانكاری دەكرێت و بڕیارە هەفتەی دابێ بخرێتە دەنگدانەوە.

ھەدار بارزانی، پەرلەمانتاری پارتی لە پەرلەمانی عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "خوێندنەوەی دووەم بۆ پڕۆژەیاسای ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی عێراق كراوە و بڕیارە لە هەفتەی دابێت پڕۆژەیاساكە ئەگەر راپۆرتی لیژنەی یاسایی كۆتایی بێت، بخرێتە دەنگدانەوە، بێگومان لە یاسای ھەمواركراودا گۆڕانكاری لە سیستەمی ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی عێراقدا كراوە".

پەرلەمانتارەكەی پارتی دەڵێت: "یەكێك لە گۆڕانكارییەكان ئەوەیە، كە بۆ ھەڵبژاردنی داھاتوو ھەڵبژاردن تەنیا بە سیستەمی بایۆمەتری بەڕێوە دەچێت و كار بەو سیستەمە نوێیە دەكرێت و ھەموو شێوازەكانی دیكە، كە بۆ بەڕێوەچوونی پڕۆسەكە پێشتر گیراونەتە بەر، چیتر كاریان پێ ناكرێت".

ھەدار بارزانی ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد: "ئێمە وەك فڕاكسیۆنی پارتی پێشنیازی خۆمان داوەتە لیژنەی ئامادەكاری پڕۆژەیاساكە، چونكە بۆ كورد ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی عێراق گرینگە و لە ھەرسێ پارێزگای نەینەوا و كەركووك و دیالە كورد پشكداریی ھەیە و رێژەیەكی زۆری كورسیشمان پێشتر بە دەست ھێناوە".

لەبارەی ھەڵوەشاندنەوەی ئەنجوومەنی پارێزگاكان، هەدار بارزانی گوتی: "یەكێك لە خاڵە گرینگەكانی ھەمواری یاسای ھەڵبژاردنەكان لەوەدایە، كە پێشتر ھەندێ لایەنی عێراقی داوای ئەوەیان دەكرد ئەنجوومەنی پارێزگاكان ھەڵبوەشێندرێنەوە، بەڵام ئیدی ئەو بەربەستەمان تێپەڕاند و ئەنجوومەنی پارێزگاكانی عێراق وەك خۆیان دەمێنن و بەپێی كاتی دیاریكراویش ھەڵبژاردن بەڕێوە دەچێت".

 

قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار