٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

"بە فەرمی باسی لادانی حەلبووسی نەكراوە.. وادەی یەكلاكردنەوەی وەزارەتەكان دیار نییە"

سەرچاوە: KDP.info
 
بەغدا -KDP.info- سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایدەگەیەنێت، هەوڵێكی زۆر هەیە بۆ یەكلاكردنەوەی ئەو چەند وەزارەتەی لە كابینەی عادل عەبدولمەهدیدا ماون، هاوكات ئەوەش دەڵێ، كە بە فەرمی لادانی حەلبوسی لە لایەن كوتلەكەیەوە باس نەكراوە.
 
د. ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، ئەو چوار وەزارەتەی ماون لە كابینەی عادل عەبدولمەهدیدا، دەبێ یەكلا بكرێنەوە، بە تایبەتیش وەزارەتی ناوخۆ، نەشیشاردەوە، كە تا ئێستا وادەی یەكلاكردنەوەیان دیاری نەكراوە.
 
 
پەیوەست بە هەمان پرس، دانا شەهید جەزا، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، لە ئێستادا كابینەی عادل عەبدولمەهدی لە رووی یاساییەوە هیچ كێشەیەكی نییە، بەڵكوو كێشەی سیاسیی هەیە، ئەویش لەسەر وەزارەتی ناوخۆ، كە پشكی سوننەیە و لە نێوخۆیاندا رێك نەكەوتوون، هاوكات وەزارەتی بەرگری كە پشكی شیعەیە، ئەوانیش لە نێوخۆیاندا رێك نەكەوتوون، ئەوەیشی دەمێنێتەوە، دوو وەزارەتی دیكەن، وەك دانا ئاماژەی بۆ كرد، پەروەردە و دادن، كە داد پشكی كوردە، گوتیشی: "وەزارەتی دادیش كێشەی نابێ، بەو پێیەی جەنابی سەرۆك مەسعوود بارزانی و كۆسرەت رەسوڵ ئەو پرسە یەكلا دەكەنەوە".
 
بە هۆی پەرەسەندنی ناكۆكییەكانی نێو ماڵی سوننەی عێراق، دەنگۆی لادانی محەمەد حەلبووسی، سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە پۆستەكەی لە ئارادایە، بە تایبەتیش لە لایەن هاوپەیمانیی میحوەری نیشتیمانی، كە بڕیاری دوورخستنەوەی دراوە، دانا شەهید جەزا ئەندامی ئەنجوومەنەكە، هۆكارەكەی روون كردەوە، كە سەبارەت بە دانانی پارێزگارێكی نوێ بۆ پارێزگای مووسڵ دەگەڕێتەوە، كە دوو كەس كاندید بوون و سوننەكانیش لەسەر پاڵپشتیكردنی هەر یەك لەو كاندیدانە دابەش ببوون.
 
دانا ئاماژەیشی بەوە دا، كە تا ئێستا هیچ شتێكی فەرمی لە روانگەی یاساییەوە بۆ لادانی حەلبووسی پێشكەش نەكراوە، ڤیان سەبریش سەبارەت بەو پرسە، دەڵێ، سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، كاندیدی كوتلەی بینایە و هەتا ئەوان پرسی لادانی لە پۆستەكەی نەخەنە بەر باسەوە، ناتواندرێت لابدرێت، كە لە ئێستاشدا ئەو كوتلەیە وەها باسێكیان نەورووژاندووە.
 
خێڵان بەختیار
 

هەواڵی پەیوەندیدار