فوئاد حوسێن سەرپەرشتیی کۆبوونەوەی ستراتیژیی بودجەی ٢٠١٩ی کرد

بەغدا-KDP.info- جێگری سەرۆكوەزیران بۆ كاروباری ئابووری، سەرۆكایەتیی كۆبوونەوەیەكی دەربارەی ستراتیژیی بودجەی گشتیی ساڵی 2019 كرد.
ئەمڕۆ (٦-٥-٢٠١٩) د. فوئاد حوسێن، جێگری سەرۆكوەزیران بۆ كاروباری ئابووری _وەزیری دارایی، سەرۆكایەتیی كۆبوونەوەیەكی دەربارەی ستراتیژیی بودجەی گشتیی ساڵی 2019 كرد.
لەو كۆبوونەوەیەدا، كە ژمارەیەك لە ڕاوێژكارانی دەستەی ڕاوێژكاریی وەزارەتی دارایی و بەڕێوەبەرانی گشتی و سەرۆكی فەرمانگەكانی داراییی وەزارەت و نوێنەری هەرێمی كوردستان ئامادەی بوون، باس لە پرسە پەیوەستەكان بە بواری ئابووری و دارایی و بودجەی گشتییەوە كرا و تیشك خرایە سەر دەرماڵەی تەشغیلی و داهاتەكانی بودجە و نرخی نەوت و میكانیزمی جێبەجێكردنی بودجە بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەر كورتهێنانێكی لەو بودجەیەدا.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لەسەر گرینگیی بەشداربوونی هەرێمی كوردستان لە ئامادەكردنی بودجەدا كرایەوە.
ئامادەبووان هەریەكە و باسی دید و بۆچوونی خۆیان لەو باریەوە كرد و دووپات لەسەر زیادكردنی داهات و كەمكردنەوەی خەرجی و پێویستیی چارەسەركردنی نەبوونی پارەی بەردەست كرایەوە، كە بووە هۆی قەرزكردن و دروستبوونی كێشەی دارایی.
هەر لەو كۆبوونەوەیەدا بڕیار لەسەر پێكهێنانی لیژنەی تایبەت بە دیاریكردنی سیاسەتی بودجە كرایەوە .
شیاوی باسە لەو كۆبوونەوەیەدا ژمارەیەك لە بەڕێوەبەرانی گشتیی وەزارەتی دارایی ئامادە بوون.




