ئەمڕۆ دادگا بڕیاری كۆتایی لەبارەی پۆستی پارێزگاری نەینەواوە دەدات

مووسڵ-KDP.info- سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا ڕایدەگەیەنێت، ئەمڕۆ دادگاى ئیداری لە بەغدا دوابڕیار لەبارەی پۆستی پارێزگاری نەینەوا دەدات و سبەی كۆتا وادەیە بۆ پێشكەشكردنی ناوی كاندیدان بۆ پۆستی پارێزگار و هەردوو جێگرەكەی.
ڕۆژی ٢٤ـی مانگی ئاداری ئەمساڵ، بە تۆمەتی گەندەڵی و ھەبوونی كەمتەرخەمی لە كارەكەیدا، ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق نەوفەل عاكۆبی، پارێزگاری نەینەوای لەسەر كارەكەی لادا.
سەیدۆ چەتۆ، سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "ئەمڕۆ دووشەممە دادگای ئیداری لە بەغدا دوابڕیاری خۆی دەدات لەبارەی پۆستی پارێزگاری نەینەوا، كە نوێنەری یاسایی ئێمەش لەوێ ئامادەیە و ئەگەر دادگای ئیداری ئەمڕۆ بڕیاری كۆتایی خۆی دا، ئەوا لە دوای سبەی سێشەممە دەتوانین دانیشتنی ئەنجوومەن بۆ هەڵبژاردنی پۆستی پارێزگاری نەینەوا و هەردوو جێگرەكەی ئەنجام بدەین، چونكە دوای بڕیاری كۆتایی دادگا ماوەی 15 رۆژمان بۆ هەڵبژاردن لە بەردەستە."
چەتۆ ڕاشیگەیاند: "لە دوای كردنەوەی دەرگای خۆپاڵاوتن بۆ پۆستی پارێزگاری نەینەوا، تا ئەمڕۆ زیاتر لە 45 كەس ناوی خۆیان پێشكەش كردووە بۆ ئەو پۆستە، بۆ پۆستی جێگری یەكەمیش زیاتر لە 3 كەس و، بۆ جێگری دووەمیش زیاتر لە 7 كەس ناوی خۆیان پێشكەش كردووە، كە سبەی سێشەممەش كۆتا وادەیە بۆ پێشكەشكردنی ناوی كاندیدان."
سەبارەت بە هەوڵەكانی هەلوەشاندنەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەواش لەلایەن ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقەوە، سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا دەڵێ: "دیار بوو هەڵوەشاندنەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا نایاسایی بوو، بۆیە لە ئەنجوومەنی نوێنەران دانیشتنەكە سەری نەگرت، لە یاسای ئەنجوومەنی پارێزگا و قەزا و ناحیەكانی نەبەستراو بە هەرێمەوە بۆ ساڵی 2008 هاتووە، كە تەنها لەسەر پێشنیازی پارێزگار یاخود لەسەر داوای سێ لەسەر یەكی ئەندامانی ئەنجوومەن دەتوانرێت ئەنجوومەنی پارێزگا هەڵبوەشێندرێتەوە".
نەشوان بەرزنجی




