محەمەد ئەمین فارس: پارتی داوای دوو سەرۆك لیژنەی پەرلەمانی عێراقی كردووە

بەغدا-KDP.info- پەرلەمانتارێكی پارتی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، پارتی دیموكراتی كوردستان لە دابەشكردنی لیژنەكان تا ئێستا بڕیاردەری دوو لیژنەی ھەمیشەیی پەرلەمانی بەركەوتووە و داوای دوو سەرۆك لیژنەشی كردووە.
محەمەد ئەمین فارس، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "دابەشكردنی سەرۆكایەتیی لیژنە ھەمیشەییەكانی پەرلەمانی عێراق دەستی پێكردووە و تاوەكو ئێستا سەرۆكایەتیی چەند لیژنەیەك دابەش كراون و پارتی دیموكراتی كوردستانیش بڕیاردەری لیژنەی دارایی كە د. ئەحمەد سەفاری بۆ دیاری كردووە و هەروەها بڕیاردەری لیژنەی ئاسایش و بەرگری كە د. ناسر ھەركی بۆی دیاری كردووە، بەركەوتووە".
ناوبراو گوتیشی: "پارتی دیموكراتی كوردستان داوای دوو سەرۆك لیژنەشی كردووە كە یەكێك سیادییە و ئەوەی دیكەش خزمەتگوزارییە، ئەوانیش سەرۆكی لیژنەی یاسایی و سەرۆكی لیژنەی كشتوكاڵن و چاوەڕێ دەكەین ئەو دوو سەرۆك لیژنەیە بدرێنە پارتی".
دەشڵێ، پارتی داوای جێگری دوو لیژنەی ھەمیشەیی دەكات، كە ئەمەش بە ئیستحقاقی خۆی دەزانێت.
بڵند ئیبراھیم




