٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

مەسیحییەكان: بۆ ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان پێویستە گەرەنتی ھەبێت

سەرچاوە: KDP.info

مووسڵ-KDP.info- نوێنەرێكی مەسیحییەكان لە پەرلەمانی كوردستان دەڵێ، ئەوان لەگەڵ ئەنجامدانی ھەڵبژاردنن لە كاتی خۆیدا، بەڵام پێویستە گەرەنتی ھەبێت و فشار لە مەسیحییەكان نەكرێت لەلایەن حەشدی شەعبی و بەرپرسانی ناوچەكە لە مووسڵ.

رۆمیۆ ھەكاری، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "پێویستە ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی عێراق لە كاتی خۆیدا بكرێت، چونكە لە مووسڵ چەندین كێشەی ھەیە، وەك لادانی پارێزگار لەسەر گەندەڵی و ھەوڵی لادانی ئەنجوومەنی پارێزگا و چەندین كێشەی دیكە، بۆیە ئەگەر ھەڵبژاردن بكرێت ئەم كێشانە رەنگە چارەسەر ببن، چونكە لە مووسڵ پێشێلكاریی زۆر دەكرێت، بەڵام پێویستە گەرەنتی ھەبیت بۆ ئەوەی ھەڵبژاردنێكی شەفاف ئەنجام بدرێت و فشار لە مەسیحییەكان نەكرێت".

ھەكاری گوتیشی: "ئەگەر مەسیحییەكان بە یەك لیست بەشداری لەو ھەڵبژاردنەدا بكەن، ئەوكات رەنگە فشارەكانی سەر مەسیحییەكان كەمتر بن و وەكو ئێستا نابن، كە چاوەڕوان دەكرێت حەشدی شەعبی و لایەنەكانی دیكەی ناوچەكە فشار لە مەسیحییەكان بكەن".

ناوبراو باسی لەوەش كرد، پێشتر سەدان كێشەی ئەمنی لەو ناوچانە ھەبوون، بەڵام لە ئێستادا ھەوڵ دەدرێت حەشدی شەعبی لە ناوچەكە دەربكرێت و سوپای عێراق شوێنیان بگرێتەوە، ئەگەر ئەمەش بكرێت، كارێكی زۆر باشە.

بڕیارە ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی عێراق لە مانگی ١١ی ئەمساڵدا بەڕێوە بچێت.

 

بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار