پارتی جەژنی جیهانی کرێکاران پیرۆز دەکات

هەولێر-KDP.info- مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان بەبۆنەی یەكی ئایار جەژنی جیهانی كرێكاران پەیامێکی پیرۆزبایی راگەیاند کە ئەمە دەقەکەیەتی:
بەبۆنەی هاتنەوەی(1ی ئایار)جەژنی جیهانی كرێكاران گەرمترین پیرۆزبایی لە سەرجەم كرێكارانی كوردستان و جیهان دەكەین، هەمیشە رۆڵی گرنگ و كاریگەری كرێكاران لە بونیاتنان و ئاوەدانكردنەوەی وڵاتەكەماندا مایەی شانازی بووەو نكوڵی لەو قوربانیدان و ئەو دەسكەوتانەیان ناكرێ لەو بوارەدا، بۆیە گرنگی و بایەخی كرێكاران لە خەبات و تێكۆشانی رەوایاندا بەردەوام بەرز دەنرخێنین.
بەو بۆنە پیرۆزەوە، وێرای پشتیوانی تەواومان بۆ بەدەستهێنانی تەواوی مافە رەواكانیان و دابینكردن و فەراهەمكردنی ژیان و گوزەرانێكی شایستە بۆ كرێكاران، داواكارین هەردەم شانبەشانی چین و توێژەكانی دیكەی كۆمەڵگەی كوردستانیی بە گیانی بەپرسانە و دڵسۆزانەیان هەمان دەست و بازووی بونیادنان و ئاوەدانكردنەوە و بووژانەوەی هەرێمی كوردستان بن تا بەهەموو لایەكمان بتوانین زیاتر هەنگاو بۆ پێشەوە بنێین و مافەكانی گەلەكەمان بەدی بێنین.
جارێكی دیكە(1ی ئایار)جەژنی جیهانی كرێكاران لە سەرجەم كرێكارانی كوردستان وجیهان پیرۆز دەكەین..
مەكتەبی سیاسی
پارتی دیموكراتی كوردستان
30/4/2019




