مووسڵ.. بەپەلە ھێز رەوانە نەكرێت ھەمان سیناریۆی ساڵی ٢٠١٤ دووبارە دەبێتەوە

مووسڵ-KDP.info- نوێنەرێكی پارێزگای مووسڵ لە ئەنجوومەنی نوێنەران، ھۆشداریی داوە كە دۆخی ناوچەكانی رۆژئاوای مووسڵ باش نییە و مەترسی ھەیە بكەوێتەوە دەست داعش، ئەندامێكی لیژنەی ئاسایش و بەرگرییش دەڵێ، شانەی نوستووی داعش لە ناو مووسڵ بوونیان ھەیە و مەترسیی جیددی لەسەر پارێزگاكە دروست بووە.
ئەحمەد مەدلوول، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، نامەیەكی ئاڕاستەی سەرۆكوەزیرانی عێراق كردووە و تێیدا ئاماژەی بەوە كردووە، كە دۆخی رۆژئاوای مووسڵ زۆر خراپە و داعش بەردەوام تاوان دژی خەڵكی ناوچەكە ئەنجام دەدات و خەڵك دەڕفێنێت و خەڵكیش ناچارن گوندەكانیان چۆڵ بكەن، چونكە داعش لەم چەند رۆژەدا دەستی بە جووڵەی زۆر لە ناوچەكەدا كردووە.
مەدلوول باسی لەوەش كرد، داعش لە ساڵی ٢٠١٤ مووسڵی داگیر كرد و خەڵكێكی زۆر بووە قوربانی، بۆیە ئەگەر ئێستاش بەپەلە ھێز رەوانەی سنووری قەزای بەعاج و تەلعەبتە و قەزای حەزەر و چەند ناوچەیەكی رۆژئاوای مووسڵ نەكەن، ھەمان سیناریۆی ساڵی ٢٠١٤ لەو ناوچانە دووبارە دەبێتەوە.
لای خۆشیەوە، ھاشم بریفكانی، جێگری سەرۆكی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئەنجوومەنی پارێزگای مووسڵ، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "مەترسی لەسەر مووسڵ ھەیە و شانەی نوستووی داعش لەناو مووسڵ زۆرن و جموجۆڵیشیان زیادی كردووە و رۆژانەش چەكداری داعش لەناو مووسڵ دەستگیر دەكرێن، بۆیە پێویستە ھێزە ئەمنییەكان چاوكراوەتر بن و زیاتر ئەمنیەت بپارێزن".
بریفكانی گوتیشی، باشترین چارەسەر بۆ رێگریكردن لە داعش ئەوەیە، كە حەشدی شەعبی لە سنووری سووریا و عێراق بكشێتەوە و ھێزی دیكەی عێراقی رەوانەی سەر سنوور بكرێن و توندوتۆڵتر بكرێن، بۆ ئەوەی داعش نەتوانێ دزە بكات، ئەگەر نا مەترسییەكە زۆر لەوەی ئێستا زیاتر دەبێت و زۆریش جیددییە.
بڵند ئیبراھیم




