نەینەوا.. 21 كەس ناویان بۆ پۆستی پارێزگار پێشكەش كردووە

مووسڵ-KDP.info- سەرۆكی لیستی برایەتی و پێكەوەژیان لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا دەڵێ، بۆ پۆستی پارێزگاری نەینەوا 21 كەس ناویان پێشكەش كردووە و پێشبینی دەكرێت زیاتر لە 40 كەس ناوی خۆیان پێشكەش بكەن.
ڕۆژی ٢٤ـی مانگی ئاداری ئەمساڵ، بە تۆمەتی گەندەڵی و ھەبوونی كەمتەرخەمی لە كارەكەیدا، ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، نەوفەل عاكۆبی، پارێزگاری نەینەوای لەسەر كارەكەی لادا.
بەرەكات شەمۆ، سەرۆكی لیستی برایەتی و پێكەوەژیان لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "لە دوای كردنەوەی دەرگای خۆپاڵاوتن بۆ پۆستی پارێزگاری نەینەوا لە هەفتەی ڕابردوودا، 21 كاندید ناوی خۆیان پێشكەش كردووە و یەكێك لەوانیش ئافرەتە، هەروەها رۆژی چوارشەممەش كۆتاوادەیە، بۆیە پێشبینی دەكەین زیاتر لە 40 كەس ناوی خۆیان بۆ ئەو پۆستە پێشكەش بكەن."
شەمۆ ڕاشیگەیاند: "رۆژی 28ی ئەم مانگە دادگای كارگێڕی لە بەغدا دوابڕیاری خۆی لە بارەی پۆستی پارێزگارەوە دەدات، بۆیە دوای دەرچوونی بڕیاری دادگا، كۆبوونەوەی ئەنجوومەن بۆ دیاریكردنی پۆستی پارێزگار ئەنجام دەدەین".
سەبارەت بە دیاریكردنی جێگری پارێزگاریش، سەرۆكی لیستی برایەتی و پێكەوەژیان لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا دەڵێ: "پۆستی جێگری یەكەمی پارێزگاری نەینەوا مافی ئێمەیە وەكو فراكسیۆنی پارتی و، دوای هەڵبژاردنی پارێزگاریش، ناوی كاندیدی خۆمان پێشكەش دەكەین، چونكە لە دەسەڵاتی پارێزگارە و ئەو بڕیاری بۆ دەردەكات، یەكلاكردنەوەی ناوی كاندیدی ئێمەش ئاسانە".
نەشوان بەرزنجی




